گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’هەڵبژاردنەکە بە نادەستورى لەقەڵەم دەدەن’

شەش ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان ئەنجامى دووبارە هەڵبژاردنى سەرۆکى فراکسیۆنەکەیان ڕەتدەکەنەوە

2020.09.24 - 11:42
شەش ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان ئەنجامى دووبارە هەڵبژاردنى سەرۆکى فراکسیۆنەکەیان ڕەتدەکەنەوە

ناس کورد-

شەش ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان لەنامەیەکیاندا کە کۆپیەکى دەست ناس کورد کەوتووە و ئاڕاستەى بەرپرسانى حزبەکەیان کردووە، داننان بەهەڵبژاردنى گوڵستان محەمەد بەسەرۆکى فراکسیۆن  ڕەتدەکەنەوە و  جەخت لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنى پێشوویان بۆ دیاریکردنى سەرۆکى نوێى فراکسیۆن و جێگر و بڕیاردەرى فراکسیۆن دەکەنەوە.

 

لەنامەکەدا  کە هەر یەکە لە دابان محەمەد ، ئاشنا عەبدوڵا ، شایان عەسکەرى، عەلى حەمە ساڵح ، جەلال محەمەد، شیرین ئەمین واژوویان لەسەر کردووە، ئەو دەنگۆیە ڕەتدەکەنەوە کە گوایە هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنى سەرۆکى نوێ بۆ فراکسیۆنى گۆڕان کراوە و ئەو هەڵبژاردنەش کە بۆ ئەو مەبەستە کراوە بە نادەستورى لەقەڵەم دەدەن.

 

ئەو پەرلەمانتارانە ئەوەش ڕادەگەیەنن دەستوەردانى بەرپرسانى گۆڕان لەهەر بەرپرسیارێتکدا بێت ڕەتدەکەنەوە و پێداگرى لەسەر هەڵبژاردنى پێشوویان دەکەنەوە کە هەر یەکە لەدابان محەمەد وەکو سەرۆکى فراکسیۆن و ئاشنا عەبدوڵا وەکو جێگر و جەلال محەمەد وەکو بڕیاردەرى فراکسیۆن دیاریکرا.

پیشتریش دابان محەمەد ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان بەناس کوردى ڕاگەیاند"ڕۆژى 7ى ئەیلول هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى نوێى فراکسیۆنى گۆڕان ئەنجامدەدەین و من و شاخەوان ڕەئوف بەگ کاندیدین".

 

دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە بەئامادەبوونى 7 پەرلەمانتار و بایکۆتکردنى 5 پەرلەمانتار، بەڕێگەى هەڵبژاردن هەر یەکە لەدابان محەمەد و ئاشنا عەبدوڵا و جەلال محەمەد بۆ سەرۆک و جێگر و بڕیاردەرى فراکسیۆن هەڵبژێردران.

 

بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، لەسەر ئەو هەڵبژاردنە و بەفشارى ئەو ئەندامانەى بایکۆتى هەڵبژاردنەکەیان کردبوو بەرپرسانى گۆڕان بەتایبەتى ڕێکخەرى گشتى داواى دووبارە ئەنجامدانەوەى پرۆسەکەى کرد.

 

دواى ئەوەى ڕۆژى 21ى ئەیلولى ئەم مانگە جارێکى تر هەڵبژاردنەکە ئەنجامدەدرێت  و ئەمجارەیان بەئامادەبوونى هەر 12 ئەندامەکە، دابان محەمەد و گوڵستان محەمەد خۆیان بۆ سەرۆکى فراکسیۆن کاندید دەکەن بەڵام دەنگەکانیان بەرامبەر یەکتر دەردەچێت و دواتر بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخە خاڵێک لەپەیڕەوى ناوخۆى گۆڕان بۆ چارەسەر پێشنیار دەکرێت کە باس لەوە دەکات لەئەنجامى یەکسانى بوونى دەنگەکان لەنێوان ژن و پیاوێکدا لەپرۆسەى هەڵبژاردنى ناو حزبەکەیاندا ئەوا براوە ژنەکە دەبێت.