گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەرمیان؛ بەڕێوەبەرى ئامادەییەکان هۆشدارى دەدەن ’بایکۆتى خوێندن دەکەین’

2020.09.24 - 11:23
گەرمیان؛ بەڕێوەبەرى ئامادەییەکان هۆشدارى دەدەن ’بایکۆتى خوێندن دەکەین’

ناس کورد-

بەڕێوەبەرى ئامادەییەکانى سنورى گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا کە واژۆى بەڕێوەبەرەکانى لەسەرە هۆشدارى بایکۆتکردنى خوێندن لە ناوەندەکانى خوێندنى سنورەکە دەکەن.

 

لە راگەیەندراوى بەڕێوەبەرى ئامادەییەکانى سنورى گەرمیاندا ئاماژە بەوە کراوە، لە ساڵی 2014ەوە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە بەرامبەر مامۆستایان و مووچەخۆران بێ باكەو ئاگای لەقوت و ژیانی مامۆستایان و مووچەخۆران نیە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هۆشدارى ئەوەیان داوە کە ئەگەر لەكاتی خۆیدا مووچەیان بەبێ لێبڕین پێنەدرێت بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەن و ئامادە نین بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و خوێندنی ئۆنلاینیش رەتدەكەنەوە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، دوێنێ كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوەو بەكۆی دەنگی بەڕێوەبەرەكانی سنوری پەروەردەی كەلار كە تەواوی ناحیەو گوندەكان و سەنتەری قەزا دەگرێتەوەو بڕیاریانداوە كە ئەگەر هەموو 30 رۆژ جارێك و بەبێ لێبڕین مووچەیان پێنەدرێت ئامادەنین بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەن كە بڕیارە بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی لە 27ی ئەم مانگەوە لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەستپێبكات.

 

هاوکات بەڕێوەبەرانى ئامادەییەکان خوێندنى ئەلەکترۆنى و ئۆنلاین رەتدەکەنەوە و لەو بڕوایەدان کە زەمینەسازى بۆ نەکراوە و وەک جۆرێک لە بەڕێکردنى کات و دەستى دەستى کردن بە مامۆستایان ناویان برد.