ناس کورد-
ليژنەى ڕۆشنبيرى و شوێنەوارى پەرلەمانى عێراق ئاشكراى كرد، ميواندارى عوسمان غانمى، وەزيرى ناوخۆ و كاديرە پێشكەوتوەكانى وەزارەتەكە كراوە و گفتوگۆ لەسەر پاراستنى شوێنەوارەكان و ئاسايشى گەشتيارى و قۆناغەكانى كاركردنى ڤيزاى ئەلكترۆنى كراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ليژنەكە لەبەياننامەيەكدا بڵاويكردوەتەوە، لەگەڵ وەزيرى ناوخۆ و كادرە پێشكەوتوەكانى ئەو وەزارەتە باس لە میکانیزمى پاراستنى شوێنەوارەكان و ئاسايشى گەشتيارى و قۆناغەكانى كار لە يەك خاڵەوە "ڤيزاى ئەلكترۆنى" كراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەى كە پێويستە میکانیزمە نوێكان چالاك بكرێن بۆ پاراستنى شوێنەوارەكان لە پڕۆسەكانى هەڵكەندن و دزيكردن، هەروەها پلانێكى ستراتيژى بۆ كارى بەڕێوەبەرايەتى ئاسايشى گەشتيارى دابنرێت و ڕۆڵى ئەو بەڕێوەبەرايەتييە بە شێوەيەكى نمونەيى تر چالاك بكرێت، هەروەها لێپرسينەوە لەو كۆمپانيا گەشتياريانە بكرێت كە پێچەوانەى سيستم و ياساكان كاردەكەن.
بەگوێرەى هەمان ڕاگەیەندراو، هەر لە گفتوگۆكەدا باس لە بەرپرسارێتى ياسايى لە پاراستنى شوێنەوارەكان و هەماهەنگى لەگەڵ ئينتەرپوڵ و ئەنجومەنى وەزيرانى ناوخۆى عەرەبى بكرێت سەبارەت بە شوێنەوارە دزراوەكان و چۆنێتى گەڕانەوەيان، سەرەڕاى ئەوەش باس لە بابەتى تێكەڵاوبونى دەسەڵاتەكان لە كارى گەشتيارى و بنيادنانەوەى و ڕاكێشانى گەشتيار بۆ زيادكردنى داهاتى ناوخۆ كراوە.
ليژنەى ڕۆشنبيرى و شوێنەوارى پەرلەمانى عێراق هێماى بۆ ئەوەشكردوە، ڕێکكەوتن كراوە لەسەر پێكهێنانى ليژنەيەكى باڵا كە ليژنەى ڕۆشنبيرى و گەشتيارى و شوێنەوارى پەرلەمان سەرۆكايەتى بكات و وەزارەتى ناوخۆ و ڕۆشنبيرى و گەشتيار و شوێنەوار ئەندامى بن، ئەوەش لە پێناو دانانى ڕێوشوێنەكانى هەماهەنگى و كارى هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتەكەدا و دياريكردنى ئەرك و بەرپرسارێتيەكان بەپێى ياسا كارپێكراوەكان.
ڕونيشكراوەتەوە، هەروەها بۆ چارەسەركردنى سەرجەم كێشەكان و زيادكردنى لێپرسينەوەكان لە سەرپێچيكاران بۆ سەر شوێنەوارەکان لەلايەن وەزارەتى ناوخۆ و وەستاندنى ئەو پرۆسانەى زيان بە ميراتى شارستانى وڵات دەگەيەنێت.