کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد–هەڤاڵ فەتاح
راگەیەندراوە 10 خاڵەكەی موقتەدا سەدڕ رابەری رەوتی سەدڕ كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان عێراق و بەحرەین.
.
دوێنێ (شەممە) موقتەدا سەدر رابەری ڕەوتی سەدر لە راگەیەندراوێكدا 10 بژاردەی خستەڕوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و ڕێگرتن لە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق.
.
راگەیەندراوەكەی سەدڕ كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و ئەمڕۆ (یەكشەممە) هەندێ لە خاڵەكانی ناو راگەیاندراوەكە بەتایبەتی خاڵی شەشەم ناڕەزایی لێكەوتەوە كەتیایدا سەدر داوا دەكات بە زووترین كات شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە وڵاتانی سوریا، بەحرەین و یەمەن كۆتایی پێ بهێنرێت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە لە كار لا ببرێن و حكومەتێكی نیشتمانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لەو وڵاتانە دەسەڵات بگرنە دەست.
.
ئەم خاڵە وای لە حكومەتی بەحرەین كرد كاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بە داواكەی سەدڕ و لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین راگەیەندراوێكی توندی رادەستی باڵیۆزی عێراق لە بەحرەین كرد و تیایدا ئاماژە بەوە دەكەن، ئەوەی سەدر باسی لێدەكات سەبارەت بە شانشینی بەحرەین دەستێوەردانە لە كاروباری وڵاتەكەیان و بێ ڕێزییە و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە "بە هیچ شێوەیەك جێی قبوڵ نییە جارێكی تر ناوی بەحرەین بەم شێوەیە بهێنرێت، چونكە دەبێتە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی بەحرەین و عێراق".
.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین نیگەرانی هاوتا عێراقییەكەی لێكەوتەوە و بە راگەیەندراوێك نیگەرانییەكانیان خستەڕوو.
.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەخنە لە راگەیەندراوەكەی بەحرەین دەگرێت و ئاماژە بەوە دەكات دەبوایە وەڵامدانەوەی وڵاتی بەحرەین بۆ راگەیەندراوەكەی سەرۆكی ڕەوتی سەدر بەپێی نەریتە دبلۆماسییەكان ببوایە، دوور بێت لە ناوزڕاندن و قسەی ناشرین بەیەكێك لە سومبوولە نیشتمانیەكانی عێراق.