گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کوردی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دا

2020.09.23 - 15:31
حکومەتى عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کوردی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دا

ناس کورد-

وەزارەتى دادى عێراق بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکانى دەرکرد کە لە چوارچێوەى سیاسەتى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچە کیشەلەسەرەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کراوە و هەروەها لەناو پارێزگاکانەوە کراوە کە دەکەونە سنورى ناو کێشەلەسەرەکانەوە.

 

بەپێى بڕیارەکە کە ئەمڕۆ لەلایەن لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140ەوە دەرچووە، هەموو جۆرە گرێبەستێکى کشتوکاڵى کە لە ژێر ڕۆشنایى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچە کێشەلەسەرەکان کراوە و دەچنە چوارچێوەى مادەى 140ەوە هەڵوەشاتەوە.


ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، بڕیارەکە بەشێوەیەکى تایبەتى شارى کەرکوک دەگرێتەوە و دۆخەکەش وەکو پێش ئەنجامدانى گرێبەستەکانى لێدێتەوە.


بەوەش بڕیارى ژمارە 29 کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى فیدڕاڵەوە دەرچووە و بڕیارەکانى لیژنەى کاروبارى باکوورى هەڵوەشاندەوە کە لەسەردەمى ڕژێمى بەعسدا دەرکراون، دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

دوێنێ مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەت لە سنوری پارێزگای کەرکوک کە "بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە."

 

مەسرور بارزانی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، ئەو کارە "دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان دیاریکراوە."

زیاتر بخوێنەوە: ڕاگەیەنراوێک لە مەسرور بارزانییەوە.. ’’ئیتر قبوڵی ناکەین’’

 

لەدواى ڕوخاندنى ڕژێمى بەعسەوە لە ساڵى 2003، زۆربەى هاوڵاتیانى کورد گەڕانەوە سەر زەوی و زارى کشتوکاڵى خۆیان، ئەوەش بەپێى مادەى 140 دەستورى عێراق کە سیاسەتى گۆڕینى دیمۆگرافى ناوچەکە ڕەتدەکاتەوە و بەڕێگەى ڕاپرسى چارەسەریشى بۆ ناوچە کیشەلەسەرەکان داناوە کە دەچنە پاڵ حکومەتى هەرێم یاخود لە چوارچێوەى عێراقدا دەمێننەوە، ئەوەش وەکو دوا قۆناغى ڕێوشوێنەکان کە لە مادەکەدا هاتووە.

 

دواهەمین قۆناغى تەعریبکردنى ناوچە کێشە لەسەرەکان گەڕانەوەى عەشیرەتى شەمر بوو بۆ دێیى پەڵکانە و دەرکردنى کوردە گەڕاوەکانى ساڵى 2003 بوو، ئەوەش بەپێى فەرمانەکانى ڕاکان جبورى پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت، بۆیە ئەم بڕیارە هەڵمەتی تەعریبکردنی وەستاند.

 

me_ga.php?id=1040