ناس کورد-
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى "دوو هەنگاوە" بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتى عەمرە، ئەوەش دواى بڕیارەکەى سعودیە بۆ دەستپێکردنەوەى ئەو پڕۆسەیە لە سەرەتای مانگى داهاتوودا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماوەى حەوت مانگە بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆناوە سعودیە گەشتى عەمرەى ڕاگرتووە و بەپێی بڕیارێکى نوێى ئەو وڵاتە، بڕیارە بە چوار قۆناغ و لەمانگى داهاتووەوە ئەو پڕۆسەیە دەستپێبکاتەوە.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتى عەمرە، کۆمپانیاکانمان ئامادەن گەشتیاران بگوازنەوە".
وتیشى، "ئێمە چاوەڕوانى دوو هەنگاوین، یەکەمیان ئەوەى بەغدا بەفەرمى ئاگادارمان بکاتەوە کە هێشتا ئاگادارى نەکردوینەتەوە لەو بارەیەوە، دووەم لیژنەى باڵاى ڕوبەڕووبونەوەى کۆرۆناى هەرێم بڕیار لەو بارەیەوە بدات کە تا چەند کارێکى سەلامەتە خەڵک لێرەوە بچێتە سعودیە".
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى، ساڵانە لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 25 هەزار کەس دەچنە سعودیە بەمەبەستى بەجێهێنانى گەشتى عەمرە.
گەشتەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە رێکدەخرێن کە لەلایەن وەزارەتى ئەوقافەوە مۆڵەتیان پێدراوە، لەسەر بنەماى ئەنجامى ئەو تەندەرانەى ساڵانە وەزارەتەکە رایدەگەیەنێت کە زۆربەى کۆمپانیاکان لێی سودمەند دەبن.
دواین گەشتى عەمرەى ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ سعودیە لەمانگى شوباتدا بوو، پێش ئەوەى سعودیە بەفەرمى قەدەغەى گەشتى عەمرە رابگەیەنێت.
کۆمپانیاکانى بوارى رێکخستنى گەشتى عەمرە لەئێستاوە سەرقاڵى ناونوسینى هاوڵاتییانن وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتى عەمرە، دواى ئەوەى سعودیە بڕیارەکەى لەو بارەیەوە ئاشکراکرد.
کارمەندێکى کۆمپانیاى پاڕەزان لە سلێمانى کە کارى رێکخستنى گەشتى حەج و عەمرە دەکات بە ناس کوردى ڕاگەیاند، خەڵکێکى زۆر دەستیانکردووەتەوە بە نوسینى ناو بۆ گەشتى عەمرە و هەندێ کەس پاسپۆرتەکانیان لەلاى کۆمپانیاکان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەى هەرکات دەستیپێکردەوە گەشتەکەیان بکەن.
نرخى گەشتى عەمرە لەهەرێمى کوردستانەوە بۆ سعودیە تا پێش بڕیارى راگرتنى، لەنێوان 800-900 دۆلاردا بوو، بەڵام دیار نییە ئەگەر گەشتەکان دەستیپێکردەوە نرخەکان چۆن دەبن.
"گۆڕانکاریی یان دابەزینى نرخەکە پەیوەستە بە نرخى گەشتەوە بە فڕۆکە، تا ئێستاش دیار نییە نرخەکە چۆن دەبێت"، کارمەندەکەى کۆمپانیاى پارەزان وایوت.
بڕیارە لە 4ى مانگى داهاتووەوە و بەشێوەیەکى قۆناغبەندى سعودیە ڕێگە بە ئەنجامدانى گەشتى عەمرە بدات، دواى چەند مانگێک لە ڕاگرتنى بەهۆى بڵاوبونەوەى کۆرۆناوە، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى ناوخۆى ئەو وڵاتە.
سەرچاوەکە بە "سکاى نیوز"ى ڕاگەیاندووە، بڕیاردراوە بە چوار قۆناغ ڕێگەبدرێت بە ئەنجامدانى گەشتى عەمرە و چوونە ناو مزگەوتى حەرام و شوێنە پیرۆزەکان.
ڕونیشیکردووەتەوە، قۆناغى یەکەم ڕێگەپێدانە بە عەمرەکردن بۆ هاوڵاتیان و دانیشتوانى ناو مەککە، لەرۆژى یەکشەممە چوارى مانگى داهاتووەوە، بە ڕێژەى 30% (شەش هەزار عەمرەکار لە رۆژێکدا).
بەوتەى سەرچاوەکە، قۆناغى دووەم ڕێگەپێدانە بە گەشتى عەمرە و سەردانکردن و نوێژکردنى هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناو سعودیە لە شوێنە پیرۆزەکان، لە ڕۆژى یەکشەممە 18ى مانگى داهاتووەوە، بە ڕێژەى 75% (15 هەزار عەمرەکارى رۆژانە، 40 هەزار نوێژخوێن).
رونیشیکردووەتەوە، قۆناغى سێیەم رێگەپێدانە بە گەشتى عەمرە و سەردانکردن و نوێژکردنى هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناو سعودیە و دەرەوەى ئەو وڵاتە لە شوێنە پیرۆزەکان، لە یەکى تشرینى دووەمەوە، تا ڕاگەیاندنى کۆتایی هاتنى کۆرۆنا و رەواندنەوەى مەترسی، بە رێژەى 100% (20 هەزار عەمرەکار لە رۆژێکدا، 60 هەزار نوێژخوێن).
سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، قۆناغى چوارەم رێگەپێدانە بە گەشتى عەمرە و سەردانکردن و نوێژکردنى هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناو سعودیە و دەرەوەى ئەو وڵاتە لە شوێنە پیرۆزەکان، بە رێژەى 100%، دواى ئەوەى لایەنە تایبەتمەندەکان نەمانى مەترسی پەتاکە ڕادەگەیەنن.
سەرچاوەکە دەڵێت، رێکخستنى چوونى عەمرەکاران و نوێژخوێنان لە رێگەى ئەپى "اعتمرنا"ەوە دەبێت کە وەزارەتى حەج و عەمرە ڕایگەیاندووە، بە ئامانجى جێبەجێکردنى پێوەر و رێنماییە تەندروستییە پشتپێبەستراوەکان.
جەختیشیکردووەتەوە لەسەر پێویستى جێبەجێکردنى رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارە خۆپارێزییەکان لەلایەن عەمرەکارانەوە، وەک بەستنى دەمامک و نزیکنەبونەوە لە یەکتر.