گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موچەى فەرمانگە فیدڕاڵییەکان لە بەغداوە هاتووە بەڵام ’’هەرێم دەیەوێت بە لێبڕینەوە دابەشی’’ بکات

2020.09.23 - 14:04
موچەى فەرمانگە فیدڕاڵییەکان لە بەغداوە هاتووە بەڵام ’’هەرێم دەیەوێت بە لێبڕینەوە دابەشی’’ بکات

ناس كورد-

ماوەى زیاتر لە پێنج مانگە ئەفسەر و کارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵییەکانی لە هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە هەفتەى ڕابردوو پارەکە نێردراوە بۆ هەرێم، بەڵام تائێستاش حکومەتی هەرێمی ڕێگرە لە دابەشکردنی و "دەیەوێت بە لێبڕینەوە دابەشی بکات." 

 

ڕۆژی 8ی ئەیلولی، هەرسێ پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا ئەحمەد حاجی ڕەشید، غالب محەمەد عەلی، سەرکەوت شەمسەدین ڕایانگەیاند، لەگەڵ لیوا عسام، بەرێوەبەری گشتی دارایی وەزارەتی ناوخۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی فیدڕاڵییان تاوتوێکردووە و واژۆی لەسەر تەمویلی موچەی ئەو فەرمانگە فیدڕاڵییانە کرد و "هەر ئەمرۆ سەرۆکوەزیران واژۆی لەسەر ئەکات و پارەکە رەوانەی هەرێم ئەکرێت."

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتبوو، "بەپێی بڕیارەکە بۆهەر مانگێک یەک ملیار و 800 ملیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت کە دەبێت بێ لێبرین موچە ئەو پێنج مانگە دابەشبکرێت و هیچ بیانوییەک نیە بۆ لێبرین یان دواخستنی موچەی ئەو فەرمانگانە."

 

فەرمانگە فیدڕاڵییەکان لە هەرێم بریتین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، نیشتەجێبوون و کارتی زانیاری.

 

ڕۆژی 17ی ئەیلولی 2020، هەر دوای چارەسەرکردنی کێشەکە، کاکا ئومێد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕەگەزنامەى هەرێم لە بەغدا لە پۆستێکیدا دەڵێت، "لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکى حکومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەرگی گشتیی ڕەگەزنامەى هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی ئەفسەر و کارمەندانی ڕەگەزنامە بۆ مانگەکانی چوار تاوەکو هەشت لیژنەیەک پێکهێنراوە."

 

دەشڵێت، "ئەمڕۆ (17ی ئەیلولی 2020) توانیمان ڕەزامەندی وەربگرین بۆ سەرفکردنی موچەکانیان."

 

 

بەپێی زانیارییەکان کە ناس کورد لە سەرچاوەیەکی ناو بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی هەرێمەوە وەریگرتووە، هەرچەندە ماوەى هەفتەیەکە ئەو پارەیە لە بەغدا گەیشتووەتە هەرێم، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم تائێستا ئامادە نین دابەشی بکەن، بەپێی زانیارییەکانیش، حکومەتی هەرێم دەیەوێت موچەى یەک مانگ و ئەویش بە لێبڕینەوە دابەش بکات.

 

هەر ئەمڕۆ جارێکی تر هەرسێ پەرلەمانتار ئەحمەدی حاجی ڕەشید، غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین ڕاگەیەنراوێکی تریان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، "هیچ بیانویەک نییە بۆ دواخستنی موچەی پێنج مانگی فەرمانگە فیدراڵییەکان لە كوردستان."

 

دەشڵێن، "وەک پێشتر ڕامانگەیاند و پاش هەوڵێ هەمە لایانە دواجار توانرا موچەی پێنج مانگی فەرمانگە فیدڕاڵییەکانی عێراق چارسەر بکەین و پارەکەش چەند رۆژێکە لە هەولێرە و دەبێت بێ دواکەوتن و لێبڕێن دابەش بکرێت."

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئێمە دەزانین هەوڵێک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ لێبڕین و دواخستنی زیاتری موچەی ئەو فەرمانگانە هەیە کە هیچ یاسایەک ڕێگە نادا بە حکومەتی هەرێم دەستوەردان لە موچەی فەرمانگە فیدڕاڵییەکان بکات و پێویستە لە زوترین کاتدا ئەو موچانە دابەشبکرێت بێ هیچ لێبرین و دواخستنێک."