گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى ڕەوانەى حکومەت کردەوە

2020.09.23 - 13:23
پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى ڕەوانەى حکومەت کردەوە

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گەڕاندنەوەى پڕۆژەى بودجەى ئەمساڵى بۆ حکومەت ڕاگەیاند، بۆ ئەوەى گۆڕانکارىی تێدا بکات.

 

ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەکە لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند "پڕۆژەیاساى بودجە رەوانەى حکومەت کراوەتەوە لەسەر بنەماى داوایەکى حکومەت دواى ئەوەى رەوانەى پەرلەمان کرابوو".

 

وتیشى "هۆکارى گەڕاندنەوەى پڕۆژەکە پەیوەستە بە ئەنجامدانى گۆڕانکاریی دارایی پەیوەست بە پرسی کورتهێنان، هەروەها رەنگە پەیوەندى بە ماددەى تایبەت بە پلەى وەزیفى و چەند پرسێکى دیکەوە هەبێت".

 

ئەحمەد سەفار جەختیکردەوە، دواکەوتنى گەیشتنى بودجە بە پەرلەمان، هۆکارەکەى کەمکردنەوەى بودجەى بەکاربردن بووە لە 148 ترلیۆن دینارەوە بۆ 146 ترلیۆن، سەربارى کەمکردنەوەى کورتهێنان بۆ 76 ترلیۆن دینار.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، لیژنەکەیان پلانى دانابوو کە رۆژى پێنج شەممە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەکە بکرێت، هەفتەى داهاتووش خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکرێت، بەڵام بەهۆى ناردنەوەى پڕۆژەکەوە پەسەندکردنى دوو هەفتە دوادەکەوێت.

 

پڕۆژە یاساى بودجەى ئەمساڵى عێراق کە تایبەتە بە بودجەى سێ مانگى داهاتوو، لەچەند رۆژى داهاتوودا لەلایەن حکومەتەوە رەوانەى پەرلەمان کرا بەمەبەستى پەسەندکردنى.

 

جگە لەو پڕۆژەیە حکومەت کار سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژەى بودجەى سێ ساڵى داهاتووە. بەپێی یاساش دەبێت تا مانگى داهاتوو پڕۆژەى بودجەى ساڵى داهاتوو بگاتە پەرلەمان.