گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی پارتی باس لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەى دوکانی یەکێتی و پارتی دەکات

2020.09.23 - 12:21
وتەبێژی پارتی باس لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەى دوکانی یەکێتی و پارتی دەکات

ناس کورد-

وتەبێژی پارتی لەبارەى کۆبوونەوەى دوکانی یەکێتی و پارتی ڕاگەیاند، هەردوولا لەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتوون، بەشێك لەو خاڵانە جێبەجێكراوە، بەشێكی تریشی ماوەتەوە، یەكێك لەوانەی جێبەجێکراون "سەرۆكایەتی پەرلەمان بەیەكەوە دابنیشێت بەپێی ڕێكکەوتنی سیاسی كە لە نێوان هەردوو لامان هەیە." 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی ئەیلولی 2020، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی بە میدیای حزبەکەى وتووە، "خاڵێكی زۆر هەیە لە نێوانمان بەیەكەوە دابنیشین و بەرنامە دابنێین، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوان هەردوولا زۆر نەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵ بدەن هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر بكەن، بۆ ئەوەی كە كارەكان بە باشتر بەڕێوە بچێن، ئەم كۆبوونەوەیە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، بۆ هەردوو مەكتەبی سیاسی وێنەیان لە كۆنووسی كۆبونەوەكە ناردراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێكەوتووین."

 

دەشڵێت، "خاڵێكی تری كۆبونەوەی دوكان، كە بڕیاری لەسەر درابوو، ئەوەبوو كە دەزگای هەڵبژاردنی هەردوولامان لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەو كێشەی لە یاسای هەڵبژاردن هەیە كۆبوونەوە بكەن. هەردوولا هەوڵ بدەن یەك هەڵوێست بن، لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستانیش هاوهەڵوێست بن، خۆشبەختانە ئەوەش جێبەجێكراو هەردوولا بە یەكەوە سەردانی بەغدایان كرد."

 

ئاشکراشی کردووە، "خاڵێكی تر كە لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر درا، ئەویش ئەو گرژییەی كە هەیە لە ڕاگەیاندن كۆتایی پێ بێنین یان كەمی بكەینەوە، ئێستاش ئەمە كەم بۆتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە بۆنەی جەژنەوە ئاراستەی خەڵكی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی واز لە قسەی زبر بهێندرێ، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی بەیانێكمان بڵاوكردەوە، كە كۆتایی بەو بابەتە دەهێنین."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "خاڵێك ماوەتەوە كە هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە سەرۆكایەتی هەرێم بكەن، بۆ ئەم كۆبوونەوەیە چاوەڕوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەین، باسیشمان لەگەڵ كردوون، لە چەند ڕۆژی پێشوو پەیوەندیان پێوە كراوە، چونكە زۆر شت هەیە، كە لە كۆبونەوەكەی دوكان جێبەجێ نەكراوە، كە پێویستە لەوێ بڕِیارەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی كە پێویستن چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، چاوەڕێی ئەوەین كە یەكێتی بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە وەڵاممان بداتەوە."