گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و فراکسیۆنەکان لەسەر ’’گرێ کوێرەکە ڕێککەوتوون’’

2020.09.23 - 10:02
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و فراکسیۆنەکان لەسەر ’’گرێ کوێرەکە ڕێککەوتوون’’

ناس کورد-

لە کۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و هێزە سیاسییەکان "ڕێککەوتن" کراوە بۆ دەرچوون لەکێشەى ئاڵۆزى فرە بازنەیی کە یاساى نوێی هەڵبژاردنەکانى بە جێبەجێنەکراوى هێشتووەتەوە، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى عێراق.

 

ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی ئەیلولی 2020، بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنەکە لەسەر دوو خاڵى سەرەکى بووە، پەلەکردن لە دەرکردنى یاسا و دەنگدان لەسەر هەموارى یاساى دادگاى فیدراڵى، ئەنجامدانى هەڵبژاردن بەپێی ئەو سیستەمەى کە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە بە پشتبەستن بە فرە بازنەیی و کاندیدى تاک، واتە 320 بازنە بۆهەر کورسییەکى پەرلەمان، جگە لە کورسی کۆتاکان.

 

بەوتەى چەند سەرچاوەیەک، هەروەها بەشێوەیەکى سەرەتایی ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەى هەڵبژاردن لە شەشى حوزەیرانى داهاتوودا بەرێوەبچێت، هەمان ئەو وادەیەى کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران پێشنیازیکردووە.

 

بەپێی رۆژنامەکە، چەند سەرچاوەیەکى پەرلەمان ئاشکرایانکردووە کە کۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتییەکە گەیشتووە بە ڕێککەوتن لەبارەى "بازنەى مامناوەند"، بۆ دەرچوون لە گرفتى ماددەى (15) لە یاساى هەڵبژاردنەکان تایبەت بە فرە بازنەیی.

 

بەڵام عەبدولحسێن هنداوى، ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى هەڵبژاردن ئەوەى ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت پرسەکە گەڕێنراوەتەوە پەرلەمان بۆ کۆتایی هێنان بە پەسەندکردن یاساکە.

 

لاى خۆیەوە، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا ئاشکرایکردووە، زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە کۆبوونەوەى سەرۆکایەتییەکان و سەرکردەى کوتلە سیاسییەکان کە ئێوارەى دووشەممە بەڕێوەچوون گەیشتووە بەچارەسەر و رێککەوتن لەبارەى پشتبەستن بە بازنەى مامناوەند.

 

زیاتر بخوێنەوە: سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق ڕێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری لە پڕۆسەی دەنگداندا

 

ڕونیشیکردووەتەوە، "بەشداربووان رێککەوتوون لەسەر دابەشکردنى پارێزگا گەورەکان بۆ شەش بازنە، هەروەها پارێزگاکانى دیکە بکرێنە سێ بۆ چوار بازنە، هەندێ پارێزگاى بچوکیش یەک دوو بازنە بن یان یەک بازنە بەپێی ژمارەى دانیشتوان".

 

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینیکردووە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا ئەو رێککەوتنە رابگەیەنرێت، کە لەلایەن راوێژکارى سەرۆکوەزیرانەوە پێشتر رەتکرایەوە.

 

سەرەڕاى رەتکردنەوەى رێککەوتنەکە، بەڵام قوسەى یاسرى پەرلەمانتارى سائیرون دەڵێت، "کوتلە شیعییەکان رێککەوتوون لەسەر ڕەتکردنەوەى یەک بازنەیی و فرە بازنەیی و ڕێککەوتوون لەسەر بازنەى مامناوەند".

 

وتیشى، "دوو بژاردە هەیە کە تاوتوێدەکرێت لەلایەن کوتلە شیعییەکانەوە، هەر بازنەیەک سێ بۆ پێنج کورسی بێت، یان هەر بازنەیەک پێنج بۆ حەوت کورسی بێت".

 

پەرلەمانى عێراق شەممەى داهاتووى دیاریکردووە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە، کە چاوەڕواندەکرێت یەکلاکەرەوە بێت.