گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق ئەو چین و توێژانە ئاشکرا دەکات کە یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن

2020.09.23 - 09:00
عێراق ئەو چین و توێژانە ئاشکرا دەکات کە یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستیی عێراق ئەو چین و توێژانەى ئاشکراکرد کە سوودمەندى یەکەمی ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دەبن کە بڕیارە دواى تەواوبوونى ڕێکارە تەندروستییەکان بگات.

 

ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، عێراق چووەتە ڕیزى وڵاتانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ ڤاکسینەکان و ڤاکسین لەو کۆمپانیایانە وەردەگرێت کە دروستیان کردووە و بۆ 156 وڵات هەناردەى دەکەن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئەو هاوپەیمانێتیە بڕى ڤاکسینەکەى بەڕێژەى 20% دەستبەر دەکات کە دەکاتە نزیکەى هەشت ملیۆن دانە (ئەمپول).

 

ئەو بەرپرسەى تەندروستی عێراق باسى لەوەشکردووە، ئەو بڕە ڤاکسینە بەشى ئەو کەسانە دەکات کە زۆرتر مەترسیان لەسەرە وەکو بەتەمەنەکان و ئەوانەى نەخۆشى درێژخایەن و کێشەى تەندروستیان هەیە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان.

 

ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، لە هەوڵى بەدەستهێنانى ڤاکسینى چینى و ڕووسیدان سەربارى ئەوەى لەگەڵ کۆمپانیاکانى دیکە کە ڤاکسین دروستدەکەن لەپەیوەندى بەردەوامدان بەمەبەستى دەستەبەرکردنى ڕێژەى پێویستى تر بۆ دانیشتوانى دیکەى عێراق کە دەمێننەوە بۆ وەرگرتنى ڤاکسینەکە.



لەبارەى پرۆسەى خوێندنەوە، بەڕێوەبەرى گشتى لەوەزارەتى تەندروستى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، هێشتا پڕۆسەى خوێندنى ئەمساڵ تاوتوێ نەکراوە و سەرۆک وەزیرانیش وەزارەتى پەروەردە و فێرکردنى ڕاسپاردووە بۆ ئەوەى دیدى خۆیان بخەنەروو بۆ وەزارەتى تەندروستى تا لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەکانى وەزارەتەکەیان تاوتوێى دۆخەکە بکەن لەبارەى ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە.