گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زێڕ بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەى دوو مانگی ڕابردوودا دابەزی

2020.09.22 - 23:25
زێڕ بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەى دوو مانگی ڕابردوودا دابەزی

ناس کورد-

لەگەڵ بەرزبونەوەى دۆلار بۆ بەرزترين ئاست لە ماوەى زياتر لە مانگێكدا، نرخى زێڕ پاشەكشەى زياترى كرد، ئەوەش لەكاتێكدايە وەبەرهێنەران گومانيان هەيە لە ڕێوشوێنەكانى هاندان بۆ پشتگيریكردنى زيانەكانى ئابوريى بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە، هەروەها چاوەڕێى لێدوانى بەرپرسانى ئەنجومەنى يەدەگى فيدراڵى "بانكى ناوەندى ئەمريكى" دەكەن لەم هەفتەيەدا.

 

ئاژانسى ڕۆيتەرز بڵاويكردوەتەوە، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراكاندا 0.35% دابەزينى بەخۆيەوە بينى و يەك ئۆنسە دابەزى بۆ 1905.80 دۆلار، ئەوەش دواى شەپۆلێكى فرۆشتنى گەورە كە بووە هۆى دابەزينى كانزا گرانبەهاكانى جۆرى زێر بۆ نزمترين ئاستى لە مانگى هەشتدا كە 1882.70 دۆلار بوو بۆ يەك ئۆنسە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، هەروەها گرێبەستە دواخراوەكانى ئەمريكا بۆ زێڕ 0.2% پاشەكشەى كردوە و يەك ئۆنسە هاتووەتە خوارەوە بۆ 1907.60 دۆلار.

 

هەروەها دۆلاريش كە يەكێكە لە پەناگە ئارامەكان بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترين ئاستى لەماوەى شەش هەفتەى ڕابردودا، ئەويش لەبەرامبەر دراوە سەرەكيەكانى ترى جيهان، بەهۆى ئەوەشەوە ئاڵتون پاشەكشەى زياترى كردووە.

 

لاى خۆيەوە جيرۆن پاوڵ، سەرۆكى ئەنجومەنى يەدەگى فيدراڵى لە كۆنگرێسى ئەمريكا باسى لەوەكردووە، تائێستاش ڕێگەى بەردەم ئابوريى تەمومژاوييە و بانكى ناوەندى ئەمريكى ڕێوشوێنى زياتر دەگرێتە بەر ئەگەر پێويست بكات.

 

هەرچى سەبارەت بە كانزا گرانبەهاكانى ترە، نرخى زيو 1.08% دابەزينى بەخۆيەوە بينيوە و يەك ئۆنسە هاتووەتە خوارەوە بۆ 24.46 دۆلار، هەروەها پلاتين 1.55% ى نرخەكەى لەدەستداوە و يەك ئۆنسە بە 867.63 دۆلارەوە مامەڵەى پێوە دەكرێت.