گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور گفتوگۆی لەسەر مادەی 140ی دواخست

2020.09.22 - 22:53
لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور گفتوگۆی لەسەر مادەی 140ی دواخست

ناس کورد-

لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق گفتوگۆکردنی لەسەر 16 مادەی دەستور کۆتایی پێهێنا، بەڵام گفتوگۆی مادەی 140 دواخرا و بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2020، نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ لیژنەی هەموارکردنی دەستوری عێراق بەمەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆ و مناقەشەی ماددەکانی دەستور و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی خۆی لەوبارەیەوە، کۆبووەوە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکانیان لەسەر ماددە ماوەکانی دەستور کە مادەکانی 125 تاوەکو 141 بوون جگە لەمادەی 140، کۆتایی هاتووە."

 

ئەوەشخراوەتەڕوو: "مادەی 140 دواخراوە بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە، بۆئەوەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە ئامادەبن بۆ ئەوەی پێشنیازو بۆچوونەکانیان بۆ چارەسەری ئەو مادەیە بخرێنەڕوو."

 

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشكردووە، پاش گفتوگۆکردن لەسەر مادەی 140، کارەکانی لیژنەکە کۆتایی دێت و  دواتر بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ جێگیرکردنی بۆ گەلی عێراق.