ناس کورد-
ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بڵاوکرایەوە کە واژۆیان بۆ پرساندنی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری و ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی کردووە تاوەکو بێتە پەرلەمان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی:
عەبدولستار مەجید
عوسمان کانی کوردەیی
هەورامان گەچێنەیی
موسلیم عەبدوڵڵا
بەدریە سیوەیلی
ڕووپاک ئەحمەد
عومەر عەبدوڵڵا
فراکسیۆنى یەکگرتووی ئیسلامی:
د. شێرکۆ جەودەت
ئەبوبەکر هەڵەدنی
ئیسماعیل سگێری
سەرچنار ئەحمەد
هەلەز ئەحمەد
فراکسیۆنى نەوەی نوێ:
د. کازم فارووق
کاوە عەبدولقادر
موژدە محەممەد
سیپان سالم
فراکسیۆنى سەربەخۆکان:
مەم بورهان
سیروان بابان
دیاری ئەنوەر
فراکسیۆنى گۆڕان:
شیرینی ئەمین
شایان عەسکەری
لیستی ئازادی:
محێدین حەسەن
هەوڵەکانى بانگهێشتکردن و پرساندنی سەرۆکى حکومەت و بەرپرسانى باڵا بۆ پەرلەمانى کوردستان لەسەر چەند پرسێک کە دیارترینیان پرسی موچەیە یەک لەدواى یەک "شکستدەهێنن"، نوێترین هەوڵیش لەو بارەیەوە چاوەڕوانى یەک واژۆیە پێش ئەوەى شکستهێنانى ڕابگەیەنرێت.
لەم خولەى پەرلەمانى کوردستاندا چەندینجار پەرلەمانتاران یاداشتیان بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان بەرزکردووەتەوە بەمەبەستى بانگهێشتکردنى بەرپرسانى باڵاى حکومەت، لەسەرووى هەمویانەوە مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەت، قوباد تاڵەبانى جێگرى بەڵام هیچیان ئەنجامیان نەبووە.
ئەو دوو بەرپرسە باڵایەى حکومەت تەنها لەکاتى دەنگدان بە کابینەى نۆیەم لە تەموزى ساڵى ڕابردوودا چوونە پەرلەمان، بەشێک لە بەرپرسانى دیکەى حکومەت دووجار و بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژە یاساى چاکسازى و رونکردنەوەى دۆخى دارایی و دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا چوونە پەرلەمان وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتارانیان دایەوە.
لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا چەند هەوڵێک دراون بەو ئاڕاستەیە بەڵام بێئەنجام بوون، لە کۆتایی نیسانى ئەمساڵدا یانزە ئەندامى پەرلەمانى کوردستان داواى ئەنجامدانى دانیشتنى پەرلەمان و بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەتیان کرد بۆ تاوتوێکردنى پرسی دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران، هەروەها لەمانگى حوزەیرانى فراکسیۆنى گۆڕان داوایەکى لەو بارەیەوە خستە بەردەم سەرۆکایەتى پەرلەمان.
سەرەتاى ئەم مانگە هەوڵێکى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لەلایەن فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە دەستیپێکرد بۆ پرساندنى هەریەکە لە مەسرور بارزانى، قوباد تاڵەبانى، ئاوات شێخ جەناب لەسەر پرسی لێبڕینى موچەى فەرمانبەران، دواى ئەوەى هەوڵى یەکەمیان لەو بارەیەوە بە پاساوى "هەڵەى پەیڕەوى" لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە رەتکرایەوە.
بەپێی پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، هەر هەوڵێکى لەو شێوەیە پێویستى بە واژۆى 23 پەرلەمانتار هەیە، بەڵام لە لەئێستادا 22 واژۆ کۆکراوەتەوە، لەکاتێکدا یاداشتى یەکەم کە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە رەتکرایەوە واژى پێویست کۆکرابووەوە.
یاداشتەکەى دووەم لە ئێستادا لەلایەن 23 پەرلەمانتارەوە واژۆکراوە کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانى کۆمەڵ حەوت واژۆ، یەکگرتوو پێنج واژۆ، نەوەى نوێ چوار واژۆ، سەربەخۆ سێ واژۆ ، شیوعى یەک واژۆ، گۆڕان دوو واژۆ.
زیاتر بخوێنەوە: پرساندنی مەسرور بارزانی لە ناو پەرلەماندا تەنها یەک ’’واژۆی ماوە’’
ئەبوبەکر هەڵەدنى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "لەئێستادا چاوەڕوانى واژۆیەکین بۆ ئەوەى یاداشتەکە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان بەرزبکەینەوە، داواشمان لە پەرلەمانتارانى دیکە کردووە، بەڵام هەریەکە و بە پاساوێک ئامادە نییە واژۆى بکات".
وتیشى، "ئەو کارە رێکارێکى یاسایی پەرلەمانتارانە بۆ پرساندنى بەرپرسانى حکومەت، وادەکەش کراوەیە و هەر کاتێک یەک کەسى دیکەى واژۆی کرد ئەوکات بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان بەرزدەکرێتەوە".
بۆچى گۆڕان واژۆی ناکات؟
یاداشتەکەى ئێستا بۆ پرساندنى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و وەزیرى دارایی (لە پشکى گۆڕان) لەلایەن دوو پەرلەمانتارى گۆڕانەوە واژۆکراوە، لەکاتێکدا پێشتر چەند پەرلەمانتارێکى ئەو فراکسیۆنە واژۆی یاداشتى یەکەمیان کردبوو.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کاروبارەکانى فراکسیۆنى گۆڕان بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد، فراکسیۆنى گۆڕان بەهۆى ئەوەى پرسى پرساندنى سەرۆکى حکومەت بەسیاسى دەزانێت و ترسى لەشکسهێنانى پرۆسەکە هەیە ئامادە نییە واژۆى تەواوى ئەو پرسە بکات.
وتیشى، "بە تێگەیشتنى فراکسیۆنى گۆڕان ئەو پرسە سیاسیە و کارتێکە ئۆپۆزسیۆنى ناو پەرلەمان دەستى بۆ بردووە بەڵام تیایدا سەرکەوتوو نابێت".
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوەشکرد، لەبەر چەند هۆکارێک لەئێستادا فراکسیۆنى گۆڕان دەست بۆ ئەو پرسە نابات یەکێک لەوانە پرسى پرساندن کارێکى ئاسان نییە و پرۆسەیەکى سیاسیە و دەبێت لەسەر کۆمەڵێک زەمینە دەستى بۆ ببرێت ئەگینا شکستدەهێنیت و ئەو هەوڵانەش هەروا دەمێننەوە.
عەلى حەمەساڵح، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان بە ناس کوردى وت، "لە ڕۆژانى داهاتوودا ڕونکردنەوە دەدەین لەسەر ئەو پرسە، چونکە ئەوە چەند ڕەهەندێکى جیاجیاى هەیە"، بەبێ ئەوەى ڕونکردنەوەى زیاتر بدات.
بەڵام بەوتەى سەرچاوەکە کە داوایکرد ناوى نەهێنرێت، هۆکارى ئەوەى فراکسیۆنى گۆڕان ئامادە نییە واژۆى هەوڵەکانى پرساندنى سەرۆکى حکومەت تەواو بکات ئەوەیە "ئایندەى سەرکەوتنى پرۆسەکەى لێ دیار نییە و زیانەکانى خۆیشى لەو کارەدا دیارە لەوانە گەر پرساندنەکە تەواو بوو وەڵامەکانى سەرۆکى حکومەت قایلەکەر نەبوون پرسى متمانە لێوەرگرتن کە قۆناغى دووەمە دێتە پێشەوە لەناو پەرلەمان".
ئەوە لەکاتێکدایە، فراکسیۆنى گۆڕان لە حوزەیرانى ئەمساڵدا و لەیاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان داواى بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و وەزیرى دارایی کردبوو بۆ پەرلەمان، بۆ تاوتوێکردنى پرسی دواکەوتنى موچە، بەڵام ئەو پرسە نەخرایە کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت، لەئێستادا گۆڕان لەوە دەڕوانێت کە ئەو کارە لەلایەن فراکسیۆنەکانى کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەى نوێوە کراوە و ئەوان وەزیریان لەحکومەت نییە و زیانى پرۆسەکەیان بەرناکەوێت، بەڵام گۆڕان وەزیرى لە حکومەتدایە و گەر دەستببات بۆ ئەو کارە بێئەوەى کارەکە سەرکەوتوو بێت ئەوا وەزیرەکانى پێوە دەبێت، بە تایبەت وەزیرى دارایى کە ئەویش بانگهێشتکراوە.
هەر بەپێى سەرچاوە ئاگادارەکە، لەئێستادا فراکسیۆنى گۆڕان ترسى لەوەش هەیە گەر واژۆکان بۆ پرساندنى سەرۆکى حکومەت تەواو بوو و پرۆسەکە دەستیپێکرد سەرۆکى حکومەت نەچێتە پەرلەمان یاخود گەرچووە پەرلەمان و ئەوان واژۆى پرساندنەکە تەواو بکەن و متمانە وەرگرتنەوە لەسەرۆکى حکومەت خرایە دەنگدانەوە، ئەوا پارتى زۆرینەیە و ئەو پرسە نادۆڕێنیت بەڵکو متمانە لەوەزیرەکەى ئەوان دەسەنرێتەوە.
ناس کورد ئەوەشى زانیووە، فراکسیۆنى گۆڕان بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکات و بەهۆى ئەوەى ئاڕاستەى سیاسیى حزبەکەیان مانەوەیە لە حکومەت نایانەوێت ئەو کارتە تاقیبکەنەوە و پێشیانوایە گەر گەیشتنە ئەو بڕوایە ئەوان خۆیان هەوڵى پرساندنەکە دەدەن.
هەڵوێستى یەکێتى
هیچ پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکێتى واژۆى یاداشتەکەى ئێستاى نەکردووە بۆ پرساندنى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و وەزیرى دارایی، لەکاتێکدا چەند پەرلەمانتارێکیان یاداشتەکەى پێشوویان واژۆکردبوو.
ناس کورد پەیوەندى بەچەند پەرلەمانتارێکى یەکێتییەوە کرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.
زیاتر بخوێنەوە: فراکسیۆنى پارتی هۆکاری کشانەوەى پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پرساندنی مەسرور بارزانی ئاشکرا دەکات
واژۆنەکردنى یاداشتەکەى ئێستا دواى ئەو هەواڵانە دێن کە باس لە رێککەوتنى پارتى و یەکێتى دەکەن بەوەى هیچ فراکسیۆنێکیان لەدژى یەکترى کارنەکات و واژۆى یاداشت نەکەن بۆ بانگهێشتکردنى بەرپرسانى یەکێتى بۆ پەرلەمان.
رۆژى هەشتى ئەم مانگە، کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتارى یەکێتى لەکۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا، سەرۆکایەتى پەرلەمانى بە "پێشێلکردنى پەیڕەوى ناوخۆ" تۆمەتبارکرد لەبارەى یاداشتى پەیوەست بە بانگهێشتکردنى بەرپرسانى حکومەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتى لەمانگى 12ى ساڵى ڕابردووەوە وەک 23 پەرلەمانتار داواى پرساندنى وەزیرى داراییان کردووە لەبارەى موچەى فەرمانبەران و دواکەوتن و پاشەکەوتى موچەوە. وەزیرى دارایی تەنها بۆى هەیە 14 رۆژ پرساندنەکە دوابخات، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکراوە و سەرۆکى پەرلەمان نەیخستووەتە بەرنامەى کارەوە.
لاى خۆیەوە رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان قسەى بە پەرلەمانتارەکەى یەکێتى بڕى داواى لەو پەرلەمانتارە کرد یاداشت پێشکەش بکەن بۆ ئەوەى بەشێوەى "غیابى" پرسینەوە لە وەزیرى دارایی بکرێت.