گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکگرتوو ڕوونکردنەوە لەسەر کشانەوەی لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجەش دەدات

2020.09.22 - 21:41
یەکگرتوو ڕوونکردنەوە لەسەر کشانەوەی لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجەش دەدات

ناس کورد-

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی ڕەتی دەکاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیان هەبێت بۆ کشانەوە لە حکومەتی خۆجێیەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەڵام "ئەگەرێکی کراوەیە لە بەردەمماندا".

 

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، 21ی ئەیلولی 2020، لەدوای هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنی پارتی و یەکگرتوو لە حکومەتی خۆجێی دهۆک، دەنگۆی کشانەوەی ئەو یەکگرتوو لە سلێمانی و هەڵەبجەش هاتووەتە ئاراوە.

 

سەمیر سەلیم، ئەندامی سەرکردایەتیی  یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە بۆ کشانەوەی یەکگرتوو لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە، سەرکردایەتیی یەکگرتوو کۆنەبووەتەوە تاوەکو پێشنیازێکی لەوشێوەیە خرابێتەڕوو، بۆیە ئەو دەنگۆیانە دوورن لەڕاستییەوە."

 

وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەگەرێک بە کشانەوەمان لە سلێمانی و هەڵەبجەش کراوەیە و لەد اهاتوودا دەکرێت هەر بڕیارێکی دیکە بدەین."

 

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشكرد: "لەئێستادا ئێمە چاوەڕوانی ڕووداو و کاردانەوەکانی پاش کشانەوەمانین لە دهۆک، بزانین چی ڕوودەدت، دواتر بیر لەوەدەکەینەوە کە چی بکەین."

 

یەکگرتووی ئیسلامی لەڕووی ژمارەی دەنگەوە لەسنوری پارێزگای دهۆک حزبی دووەمە لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان و چەندین پۆستی لەحکومەتی خۆجێیی ئەو پارێزگایە هەبوو.

 

یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنى لەگەڵ پارتى لە دهۆک ڕاگەیاند و سەرجەم پۆستەکانى لە حکومەتى خۆجێی ڕادەست دەکات، بەڵام تائێستا پارتی هیچ قسەیەکی لەسەر بابەتەکە نەکردووە.  

  

سەباح باپیر، سەرۆکى فرکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک بە میدیاى فەرمى حزبەکەى ڕاگەیاندووە، لەبەر چەند هۆکارێکى سیاسى رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى لەحکومەتى خۆجێی دهۆک هەڵوەشاندووەتەوە.  

  

رونیشیکردووەتەوە "دواى ئەوەى سەرجەم پەرلەمانتارانى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە بۆ بانگهێشتکردنى سەرۆکى حکومەت بۆ پەرلەمان، پارتى نیگەران بووە، بۆیە رێککەوتنى نێوانیان هەڵوەشاوەتەوە".  

  

ساڵى 2015 پارتى و یەکگرتوو لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی دهۆک رێککەوتن و یەکگرتوو 23 پۆستى باڵاى پێدرا.  


هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەکە دواى هەوڵى هاوبەشى فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان لەناویاندا فراکسیۆنى یەکگرتوو هات بۆ کۆکردنەوەى واژۆ بە ئامانجى بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى جێگیرى و ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی.  

  

هاوکات تاوەکو ئێستا میدیا و بەرپرسانی پارتی هیچ ڕاگەیەنراو و لێدوانێکیان لەبارەى بابەتەکەوە نییە.  

  

ئەبوبەکر هەڵەدنى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو پێشتر بۆ ناس کورد جەختیکردبووەتەوە، بەردەوام دەبن لەو هەوڵە کە رێکارێکى یاساییە بۆ بانگهێشتکردنى بەرپرسانى حکومەت.  

  

پەیوەندییەکانى پارتى و یەکگرتوو تا پێش رێککەوتنەکەیان لە دهۆک بەردەوام لە هەڵکشان و داشکاندا بووە، بەتایبەتى لەسنورى پارێزگاى دهۆک کە پارتى بە پێگەى سەرەکى خۆى دادەنێت و یەکگرتووش بەردەوام لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگێکى زۆرى هێناوە.  

  

خۆپیشاندانەکانى چەند مانگى ڕابردووى سنورى پارێزگاى دهۆک بەم دواییانە گرژى لەنێوان پارتى و یەکگرتوو دروستکرد، پارتى ئەو حزبەى تۆمەتبارکرد بەوەى لایەنێکى پشت خۆپیشاندانەکان بووە.  

  

یەکگرتوو لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى بەشدار نییە و وەکو ئۆپۆزسیۆن کاردەکات، بەڵام لە دهۆک کە خاوەنى سێ ئەندامى ئەنجومەنە، بەشدار بوو لە حکومەتى خۆجێی.