گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانكۆی سلێمانی لەبارەی ’’فرۆشتنی كەمپی كۆن’’ ڕوونكردنەوە دەدات

2020.09.22 - 20:45
زانكۆی سلێمانی لەبارەی ’’فرۆشتنی كەمپی كۆن’’ ڕوونكردنەوە دەدات

ناس کورد-

زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەى ڕابردوودا "چەند کەسێک نابەرپرسانە و دوور لە پێوەرە یاسایی و ئەکادیمیەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و لەپێناو بەرژەوەندی کەسی وتایبەتی خۆیان، دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێکی چەواشکارانە سەبارەت بە فرۆشتنی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی (کەمپی ناوشار)."

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2020، ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "ئێمە وەک زانکۆی سلێمانی تەواوی ھەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە ودڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەکەمان وزانکۆکەمان کە کەمپی کۆنی زانکۆ یەکێکە لە ڕەمزە دیار ومێژووییە پارێزراوەکانی پایتەختی رۆشنبیری."

 

دەشڵێت، "کەمپەکە ھەنوکە لە چوارچێوەی ھەشت کۆلێجدا نزیکەی 10 ھەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لەخۆگرتووە، بە پێچەوانەوە زانکۆی سلێمانی لە ھەوڵی کرنەوەی کلینیک و تاقیگەیەکی پزیشیکی نوێیە لەناو ئەو کەمپەدا بۆ توێژینەوەی پزیشکی کە ھەموو ئەمانەش ھەرخۆیان لە ڕووی لۆجکیەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆدەخەنەوە."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "بۆیە وەک زانکۆی سلێمانی سەرەرای سەرزەنشتکردنی ئەو پڕوپاگەندانە، داواکارین لە بەرێز داواکاری گشتی لە پارێزگای سلێمانی رێکاریی یاسایی بگرنەبەر بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵێنەوە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی لە ئەکاونتی کەسی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە تۆمەتی بێبنەما بڵاودەکەنەوە بۆ لەکەدارکردنی زانکۆی دایک و شاری سلێمانی وە ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە، ئێمەش وەک زانکۆی سلێمانی لە رۆژانی داھاتوو دەستکراوە دەبین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەو کەسانە."