گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موچەى فەرمانبەرانی عێراق دوادەکەوێت و ’’کاریگەریشی لەسەر موچەى هەرێم دەبێت’’

2020.09.22 - 19:15
موچەى فەرمانبەرانی عێراق دوادەکەوێت و ’’کاریگەریشی لەسەر موچەى هەرێم دەبێت’’

ناس کورد-

ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، پێدەچێت پێدانی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی عێراق دوابکەوێت و جەختی کردەوە کە "کاریگەری دەکاتە سەر وادەی دابەشکردنی موچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش".

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2020، هەدار بارزانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی زانیارییەکان، پێدەچێت دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ئەم مانگە هەندێک دوابکەوێت".

 

وتیشی: "هۆکاری دواکەوتنەکە پەیوەندی بە کەمی تەمویلەوە هەیە، چونکە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم مانگە موچە دابەشبکات دەبێت بڕی سێ ترلیۆن دینار لە بانکی ناوەندی عێراق قەرز بکات".

 

بە وتەی پەرلەمانتارەکەی پارتی: "دواکەوتنی پێدانی موچە لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر وادەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە بەغدا لەو بڕە پارەیەی کە قەرزی دەکات 320 ملیار دینارەکە دەنێرێت بۆ هەرێم".

 

"هێشتا زووە بۆ دابەشکردنی موچە لە بەغدا، موچە لە عێراق لە کۆتایی هەموو مانگێک دابەشدەکرێت، پێدەچێت پێش هاتنی وادەی دابەشکردنی موچە، حکومەت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات،" هەدار بارزانی وای وت.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، "پەرلەمان دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی داوە بە حکومەت عێراق، ئەو ڕیکارەش تەنها بە مەبەستی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانە، و بەهیچ شێوەیەک پەرلەمان ڕێگەنادات حکومەت ئەو دەسەڵاتە بەکاربهێنێت بۆ بابەتی تر".