ناس کورد-
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنە کاتییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێک لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام هیچ کامیان خۆیان بەخاوەنی درەختەکان و پاراستنیان نەزانی، دەشڵێت، ئەوەتا بۆ هەمووان دەرکەوت کە شار بێ ساحێبە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "سەبارەت بەکۆبوونەوەی لیژنە کاتییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەشێک لەدامودەزگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەسوتاندنی دارو درەختەکانی ڕێگای تاسڵوجە و شاخی گۆیژە، لەکۆبونەوەکەدا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار خۆی بەخاوەنی درەختەکان و پاراستنی سنەوبەرەکان نەزانی."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " هەر لایەنێک بەرپرسارێتی خزمەتکردن و پاراستنی درەختەکانی دەخستە ئەستۆی لایەنێکی تر."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: " هەتائێستا ئەنجامدەرانی ئاگرەکە دیارنیەو هیچ کەسێک ئیجرائاتی یاسایی و ئیداری لەگەڵ نەکراوەو ڕوون نەبووەتەوە پاراستنی درەختەکان و خزمەتکردنیان لەئەستۆی کێدایە."
ڕەمەزان نامیق دەشڵێت: "هەرچەند بە واژووی شەش ئەندامی لیژنەکەی ئەنجومەن داوای کۆبوونەوەی نائاسایی کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەڵام من وەک بەرپرسیارێتی سەرشانم واژووم نەکردووەو پێم وایە دەبێت بەڕاپۆرتێک لایەنی بەرپرس و کەم تەرخەم دیاریبکرێت و پاشان پێشنیاری ( ٳقالە ) کردن و لادانیان لەپۆستەکانیان بخرێتە ئەجێندای کۆونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، نەک ئەوەی چاوپۆشیان لێ بکرێت و نەزانرێت کێ بەرپرسی سەدان دۆنم لەزەوی و درەختەکانی شاخی گۆیژەو ڕێگای تاسڵوجەیە ."
ماوەی زیاتر لەساڵێکە سوتاندن و بڕینەوەی دارەکانی ڕێگای تاسڵوجە و چەند شوێنێکی دیکە و دروستکردنی پڕۆژە لەجێگەیاندا هەیە، هەرچەند پێشتریش چەندین جار لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو پرسە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو کارە ڕابگیرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆی سوتانی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی-تاسڵوجە کردووە و هەوڵی تەواو دەدەن بۆ پاراستن و ڕێگری لە فەوتانی.
ڕۆژی 19ی ئەیلولی 2020، حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو و دەڵێت؛
یەكەم: پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت.
دووەم: ئەم دار سنەوبەرانە بەری ڕەنج و ماندوبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە.
سێیەم: لەئێستادا ئەم دار سنەوبەرانە (ئەو ناوچەیە) كەوتووەتە ناو سنوری شارەوانی تاسڵوجە و ڕاپەڕین.
چوارەم: لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان بۆ دیاریاریکردنی هۆکارەکان و گرتنەبەری ڕێککاری پێویست.
پێنجەم: وەزارەتمان پڕۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادە كردووە، لە ئێستادا لە قۆناغی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دارستانەکان لە سوتان و لەناوچوون بپارێزرێن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، "سوپاسی هەوڵ و ماندوونی خەمخۆران و چالاكانی ژینگە دەكەین كە لەرێگەی خۆیان هەوڵ بۆ پاراستنی ئەم درەختانە و سەرجەم دارستانەكان دەدەن، پێویستە بكەرانی دەست نیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، ئێمەش لە چوارچێوەی پەیوەندیداریمان هاوكار و بەردەوام دەبین بۆ پاراستنیان."
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان ڤیدیۆیەکی ساتی سوتاندنی سنەوبەرەکانی ڕێگای تاسلوجە-ڕاپەڕینی لە سلێمانی بڵاوکردووەتەوە "بە مەبەستی داگیرکردنی."
پێشتر عەلی حەمە ساڵح بڵاویکردەوە، چەند بەرپرس و کەسێک دەیانەوێت سنەوبەرەکانی سەر ڕێگای ڕاپەڕین لە سلێمانی بسوتێنن بۆ ئەوەى 120 دۆنم زەوی بکەنە پێشانگای ئۆتۆمبێل و بە دەیان ملیۆن دۆلار بیفرۆشنەوە.
دەشڵێت، "ماوەی دوو مانگە بە ھەرچی بەرپرس و دەسەڵاتدارە وتوومانە تکایە ڕێگا لە سوتاندنی سنەوبەرەکانی ڕێگای ڕاپەڕین و داگیرکردنی زەویەکەی!"
ئاماژەى بەوەشکردووە کە "ئەمەیە پلانەکە، شەوانە بە دزیيەوە سنەوبەرەکان دەسوتێنن، پاشان لە ڕێگای شارەوانی سلێمانیەوە ڕێگاپێدانی کاتی بۆ وەربگرن."