ناس كورد-
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم لەگەڵ جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆبووە و ڕایگەیاند، "نیگەرانە لە سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی بۆسەر موڵک و زەوی دانیشتوانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی ئەیلولی 2020، "گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سوریا و گرنگیی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش کراوە."
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، جەیمس جێفری ڕۆڵی مەسعود بارزانی و حکومەتی هەرێم لە لەیەک نزیکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و وتی ”هەرێمی کوردستان بە هۆی هەمەڕەنگی و زیندوویتی و دۆستایەتییەکەی لە گەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە“ .
ئاماژەى بەوەشکردووە، مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی ئەمەریکا، باسی لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا کە "پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کیشەکان لەسەر بنەمای دەستور."
هاوکات جەختیشی "لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش."
هەروەها سەرۆکی حکومەت "نیگەرانی خۆشی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی."