گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

واشنتۆن ئەنجامى سەردانەکەى جێفرى بۆ سوریا و هەرێمى کوردستان ئاشکرا کرد

2020.09.22 - 08:35
واشنتۆن ئەنجامى سەردانەکەى جێفرى بۆ سوریا و هەرێمى کوردستان ئاشکرا کرد

ناس کورد-

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى لەبارەى سەردانەکەى جەیمس جێفرى، نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا لە هاوپەیمانێتى دژى داعش بۆ هەریەکە لە سوریا و هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ئاماژە بەوە کراوە، جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا سەردانى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا و شارى هەولێرى لەهەرێمى کوردستان کردووە و لەگەڵ بەرسە نێوخۆییەکان گفتوگۆى کردووە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "دوێنێ (دووشەممە) جێفرى لەگەڵ بەرپرسانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات و پارتە کوردییەکان و نوێنەرانى هۆزەکانى دێرەزوور، کۆبۆتەوە".

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە،  لە کۆبوونەوەکانیدا نوێنەرى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروبارى سوریا جەختى لەسەر پێویستى بەردەوامبوونى هەوڵەکان کردۆتەوە بۆ گرەنتیکردنى شکستپێهێنانى بەردەوامى داعش لە ناوچەکە.

 

هاوکات راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە، دواتر جێفرى سەردانى شارى هەولێرى کردووە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبۆتەوە و تاوتوێى بەدیهێنانى سەقامگیرییان لە ناوچەکە کردووە و باسیان لە قەڵاچۆکردنى گروپە توندڕەوەکان کردووە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ڕۆژى 23ى سێپتەمبەر، جێفرى سەردانى ئەڵمانیا دەکات بۆ تاوتوێکردنى دۆخى سوریا لەگەڵ بەرپرسانى ئەڵمانیا.