گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکى فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە

سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق ڕێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری لە پڕۆسەی دەنگداندا

2020.09.21 - 23:45
سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق ڕێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری لە پڕۆسەی دەنگداندا

ناس كورد-
سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و ئەنجومەنى دادوەرى و سەرۆکى زۆربەى فراکسیۆنە سیاسییەکان جەختیانکردەوە لەسەر پێویستى تەواوکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان و پرسی تەواوکردنى ئەندامەکانى دادگاى فیدراڵى.

 

ئەو هەڵوێستە هاوبەشە لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیەنرا، دواى کۆبوونەوەیەک لە کۆشکى حکومى لە بەغدا بە بەشدارى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و سەرۆکى زۆرینەى کوتلە سیاسییەکان.



بەپێی بەیاننامەکە کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکى گشتگیر و ڕاشکاو کراوە لەبارەى دوایین پێشهاتە ئەمنى و سیاسیییەکان و بودجەى فیدراڵى، گرنگى هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمانى و گرەنتى ئەوەى کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت.

بەشداربوونى کۆبوونەوەکە جەختیانکردووەتەوە لەسەر پێویستى پەلەکردنى پەرلەمان لە دەنگدان بە یاساى نوێی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکى کۆتایی لە نزیکترین کاتدا، پڕکردنەوەى ئەندامانى دادگاى فیدراڵى بەشێوەیەکى خێرا.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، بەشداربووانى کۆبوونەوەکە سوربوون لەسەر پشتبەستن بە تۆمارى بایۆمەترى بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنى داهاتوو، داواش لە کۆمسیۆن کراوە سەرجەم رێوشوێنەکان بگرێتەبەر بۆ ئەوەى تەواوى دەنگدەران کارتى دەنگدانیان پێبدرێت لە کاتێکى گونجاودا، بەبێ جیاکردنەوەى ئاوارە و کۆچبەران.

هەروەها داواى ئەوەش لە کۆمسیۆن کراوە کە هەوڵەکانى زیاد بکات بە ئامانجى ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو، لەگەڵ پێویستى چڕکردنەوەى هەوڵەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پشتیوانى کۆمسیۆن و پتەوکردنى تواناکانى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، سەربارى چاودێریکردنى پڕۆسەکە بۆ ئەوەى بە پاکى و شەفافى بەڕێوەبچێت.

بەشداربووانى کۆبوونەوەکە، بەتوندى ئیدانەى سەرجەم هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر دامەزراوە عێراقى و بیانییەکان کە بەم دواییانە ئەنجامدراون، لەناویاندا هەڵدانى موشەک بۆ سەر دامەزراوە دیبلۆماسییە فەرمییەکان و ماڵى هاوڵاتیان و جەختیانکردووەتەوە ئەو هێرشانە دژى سەروەرى نیشتیمانى و بەرژەوەندیەکانى گەلى عێراقە.