گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەسەڵاتە هاوبەشەکانی هەرێم و بەغدا یەکێکیانە

لیژنەى هەموارکردنەوەى دەستور خاڵە ناکۆکەکان ئاشکرا دەکات

2020.09.21 - 21:34
لیژنەى هەموارکردنەوەى دەستور خاڵە ناکۆکەکان ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ناکۆکى لەسەر چەند خاڵێک هەیە کە لە دەستوردا چۆن هەموابکرێنەوە، لەناویاندا سیستەمى حکومڕانى و ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم.

 

لەمانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردوودا پەرلەمانى عێراق لە ژێر فشارى خۆپیشاندانەکاندا لیژنەیەکى بۆ هەموارکردنەوەى دەستور پێکهێنا کە لە 18 ئەندام پێکهاتووە و تا ئێستا کارەکانى لیژنەکە کۆتایی نەهاتووە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی ئەیلولی 2021، یۆنادم کەنا، ئەندامی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستور لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، "ژمارەی دانیشتوانی عێراق هەموو ساڵێک ملیۆنێک کەس زیاد دەکات ئەوەش وادەکات هەرخولێکی پەرلەمان 40 پەرلەمانتار زیاد بکات، بۆیە دەبێت سنورێک بۆ ئەو پرسە دابنرێت و ژمارەی ئەندامانی عێراق بە میکانزمێک جێگیربکرێت".

 

وتیشى "50 ماددە لە دەستوری عێراق شێوازی نووسینەوەکەی تەمومژاوییە، بۆیە دەبێت چاکسازی زمانەوانی تێیدا بکرێت بۆ ئەوەی ڕوون بن وهیچ کەسێک لە ئایندەدا نەتوانێت بەویستی خۆی ڕاڤەیان بۆبکات".

 

ئەندامەکەی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا لیژنەکە توانیویەتی 122 ماددەی دەستوریی هەمواربکاتەوە ئەوەی ماوەتەوە وچاوەرێی هەموارکردنەوە دەکات تەنها 23 ماددەن کە ئەوەش بڕیارە لە ماوەی دووهەفتەی داهاتوودا هەموارکردنەوەیان تەواو بکرێت".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "خاڵی ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە لە بارەی سروشتی سیستمی حکومڕانی لە عێراق، هەندێک پێیانوایە کە دەبێت سیستمەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و پەرلەمانی بێت وهەندێکیش داوادەکەن ببێت بە سەرۆکایەتی وبەشێکی تریش لەوباوڕەدان کە دەبێت سیستمی حکومڕانی لە عێراقدا سیستمێکی تێکەڵ بێت لە نێوان پەرلەمانی و سەرۆکایەتییدا".

 

کەنا باسیلەوەشکردووە، "لایەنەکان ناکۆکیان هەیە لەسەر ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمان، کوتلەی براوە، کام کوتلە دەبێت حکومەت پێکبهێنێت، دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان".