گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەیرانێکى چاوەڕوانکراو بۆ ڤاکسینى کۆرۆنا.. ’’ڕێگرە لە گەیشتنى بە خەڵک’’

2020.09.21 - 21:11
قەیرانێکى چاوەڕوانکراو بۆ ڤاکسینى کۆرۆنا.. ’’ڕێگرە لە گەیشتنى بە خەڵک’’

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، گرفتی چۆنێتی عەمبارکردن و گواستنەوەی ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا یەکێکە لەهەرە ئەو کێشە گەورانەی کە دوچاری ڤاکسینەکە بوونەتەوە.

 

سەرباری ئەوەی تائێستا هیچ ڤاکسینێکی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا پەسەندنەکراوە وهێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوە تەختییەکاندایە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەمپەر و ئاستەنگییەکی زۆر ڕوبەڕوی ڤاکسینەکە بووەتەوە پێش ئەوەی ڕوناکی ببینێت، یەکێک لەو گرفتانەی کە شارەزایان بە کێشەیەکی گەوەری دادەنێن، "نەگەیشتنی ڤاکسینەکەیە بە هەموو مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی لەکاتێکی گونجاودا".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی، "ڤاکسینی دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا دوای دروستکردنی پێویستە عەمباربکرێت لە پلەی گەرمی 80ی ژێر سفری سەدی، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە سەلامەتی لە شوێنی دروستکردنی بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان، ئەوەش بۆخۆی گرفتێکی گەورەویە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "گواستنەوەی ڤاکسینەكه بۆ دانیشتوانی زەوی کە لە ئێستادا مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە هەشت ملیار کەس، پێویستی بە زیاتر لەهەشت هەزار فڕۆکەی خێرا وزەبەلاح هەیە کەئەوەش لەلایەن یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانیی نێودەوڵەتیەوە ( ئایاتا) بەکارێکی قورس وئەستەم لە قەڵەمدراوە ".

 

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، کۆمپانیای (Pfizer)ی ئەمریکی بۆ دروستکردنی ڤاکسین جەختیلەوەکردووەتەوە دەبێت ئەو ڤاکسینەی کە لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنین  لەکاتی گۆاستنەوەیدا لە 80 پلەی ژێر سفری سەدیەوە عەمباربکرێت، بەڵام کۆمپانیای ( مۆدێرنا) دەڵێت، ڤاکسینەکەی  دەبێت لە 20پلەی ژێر سفری سەدیەوە  عەمباربکرێت.

 

ئامادەکاری بۆ هەڵمەتی کوتانی گشتی لە ئەمریکا

ئەمریکا لە ئێستادا بە هاوکاری سوپا ئامادەکاری بۆ چۆنێتی گواستنەوە و دابەشکردنی ڤاکسینەکە دەکات کە دەبێت سەدان ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە لە دۆخێکی تەندروستیی و پزیشکیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند "ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی نیسانی داهاتوو بە سەدان ملیۆن دانە بەردەست دەبێت، بەڵام ڕوبەرت ڕێدڤێلد، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان ئەو وڵاتە ڕەتیکردەوە پێش چارەکی دووەمی ساڵی داهاتوو هیچ ڤاکسینێک فەراهەمبکرێت".

 

لە ئێستادا وبە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا 31 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 960 هەزار کەسیش بەهۆی توشبوونیان بەنەخۆشییەکەوە گیانیلەدەستداوە.