گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان: لە دەرفەتێکی نزیکدا راستی نیەتی مەلا بەختیار دەردەخەین

2020.09.21 - 19:43
گۆڕان: لە دەرفەتێکی نزیکدا راستی نیەتی مەلا بەختیار دەردەخەین

ناس کورد-

 

بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی "چەواشەکارییەکان" بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو روندەکەنەوە و راستی نیەتی مەلا بەختیار دەردەخەن، لە رێگەى بڵاوکردنەوە ئەو "بەڵگەنامانەوە" کە لەبەردەستیاندان.

 

 

ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە ئاڵۆزى گەورە کەوتووەتە نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و مەلار بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى، دواى ئەوەى مەلا بەختیار یاداشتەکانى لەکتێبێکدا بەناوى "لەبرى بیرەوەرى" بڵاوکردەوە، کە بەشێکى تایبەتە بە باسکردنى نەوشیروان مستەفا رێکخەرى کۆچکردووى گۆڕان.

 

بزوتنەوەى گۆڕان ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند "جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژوو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە".

 

جەختیشیکردووەتەوە بەهەموو توانایەکەوە، بەرپەرچی ئەو هەوڵە يدەدەنەوە، "هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی  راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە".

 

لەرونکردنەوەکەدا هاتووە "ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین".

 

جگە لەو رونکردنەوەیە، لە رۆژانى رابردوودا گۆڕان بەشێوازى جیاجیا وەڵامى مەلا بەختیارى دایەوە، بەو هۆیەشەوە مەلا بەختیار سکاڵاى لەسەر بەشێک لە میدیاکانى سەر بەو بزوتنەوەیە تۆمارکرد.