گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خاڵی ناکۆکی بزانە

بەرپرسێکی باڵا هۆکاری ناکۆکی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر گەڕانەوە بۆ کەرکوک ئاشکرا دەکات

2020.09.21 - 18:12
بەرپرسێکی باڵا هۆکاری ناکۆکی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر گەڕانەوە بۆ کەرکوک ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى پێشمەرگە ئاشکرایکرد، لەگەڵ سوپاى عێراق ناکۆکى سەرەکییان لەسەر شوێنى دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەشە لە کەرکوک، ئەوان پێشنیازى شوێنێکیان کردووە و بەغداش بەوە ڕازى نییە.

 

هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق لە تەموزى ئەمساڵدا لەسەر دروستکردنى شەش سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕێککەوتن بەمەبەستى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانە دواى هێرشەکانى ئەم دواییەى داعش، بەڵام هێشتا لەسەر شوێنى سەنتەرەکە لە کەرکوک ناکۆکن.

 

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەردوولا ڕەزامەندین لەسەر شوێنى دروستکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش لە پێنج ناوچە، لە کۆى شەش شوێن کە خاڵەکانى لێ دروستدەکرێت".

 

ئەو شەش شوێنەى کە بڕیارە سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەشى تێدا دروستبکرێت پێکهاتوون لە کەرکوک، هەولێر، بەغدا، موسڵ، مەخمور و دیالە.

 

قارەمان کەمال وتى، "هەردوولا ڕەزامەندین لەسەر شوێنى سەنتەرەکان لە هەولێر، بەغدا، موسڵ، مەخمور، دیالە، بەڵام لەسەر شوێنى سەنتەرەکە لە کەرکوک ناکۆکین".

 

وتیشى، "ئێمە پێشنیازمانکردووە سەنتەرەکە لەناو کەرکوک بێت، بەڵام ئەوان بەوە ڕازى نین، پێشنیازى دیکەش لە ئارادایە وەکو ئەوەى لە قەرەهەنجیر بێت، بەڵام چاوەڕوانى کۆبوونەوەى داهاتووین بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە".

 

لیوا قارەمان باسى لەوەکرد، لە ئێستادا چاوەڕوانى بەغدان بۆ دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى داهاتوو کە ڕەنگە ئەمجارە لە بەغدا بێت، چونکە کۆبوونەوەى پێشوو لە هەولێر ئەنجامدرا.

 

سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش کە لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەرى پێشمەرگە و سوپاوە بەڕێوەدەبرێن ئەگەر دەستبەرکاربن، دەبنە یەکەم هەماهەنگى سەربازى بەغدا و هەرێم لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە کە بەهۆیەوە سەرجەم پەیوەندییەکانیان پچڕان.

 

13ى ئەم مانگە، یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژى مستەفا کازمى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاندبوو "هەماهەنگییەکان تا ئێستا لە ئاستێکى باشدان، لەنێوان فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و وەزارەتى پێشمەرگە، لە پرسی سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش، بەڵام چاوەڕوانى ئەنجامى هەماهەنگى و گفتوگۆکانین لەو بارەیەوە".  

    

زیاتر بخوێنەوە: وتەبێژى کازمى دوایین هەنگاوەکان بۆ هەماهەنگى پێشمەرگە و سوپا ئاشکرا دەکات

 

هەروەها جەختیکردبووەوە، هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى پرۆسەى هاوبەشەوە لەو ناوچانە، سەربارى ئاڵوگۆڕى زانیارى هەواڵگرى، زۆر گرنگە لە قۆناغى داهاتوودا.

 

هاوکات ڕۆژی 14ی ئەیلولی 2020، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا دانوستانیان دەستپێکردووە بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و لەئێستادا تاوتوێی ڕێوشوێنی گونجاو دەکەن بۆ ئەو کارە.

 

زیاتر بخوێنەوە: قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ بەغدا تاوتوێی دۆزینەوەى ڕێوشوێنەکان دەکەین بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک