گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنی داهاتووی هەردوولا لەسەر چی دەبێت؟

پەرلەمانتارێکى کورد: هەرێم ناچارە ڕازى بێت بە باڵادەستى بەغدا لە خاڵە سنورییەکان

2020.09.21 - 17:52
پەرلەمانتارێکى کورد: هەرێم ناچارە ڕازى بێت بە باڵادەستى بەغدا لە خاڵە سنورییەکان

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، هەرێمى کوردستان ناچارە لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن و بە باڵادەستى عێراق ڕازی بێت لە خاڵە سنورییەکان بە ئامانجى گەیشتن بە ڕێککەوتنى درێژخایەن.

 

هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا گفتوگۆکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى درێژخایەن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان دەستپێکردووە، دواى ئەوەى ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى کاتى تا کۆتایی ئەمساڵ.

 

جەمال کۆچەر، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "گەیشتن بە ڕێککەوتنى کۆتایی زیاتر لەسەر مەسەلەى داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان دەبێت، پێناچێت لەسەر نەوت شتێکى ئەوتۆ باسبکرێت تەنها وەکو ڕەقەم باس دەکرێت".

 

لەبارەى ئەوەى ئایا هەرێم رازى دەبێت بە باڵادەستى بەغدا لەخاڵە سنورییەکانى، جەمال کۆچەر وتى، "هەرێم ناچارە بەوە ڕازى بێت بۆ ئەوەى بگات بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا".

 

باسى لەوەشکرد، سەردانەکەى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ هەرێم و چوونى بۆ خاڵە سنورییەکان وەک یەکەم سەرۆکوەزیران، ئاماژەیە بەرازى بوونى هەرێم لەو بارەیەوە.

 

مستەفا کازمى لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێم سەردانى هەردوو خاڵى سنورى ئیبراهیم خەلیل و باشماخى کرد و جەختى لە کارکردن بۆ گەشەپێدانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى کردەوە.

 

پرسی رادەستکردنى خاڵە سنورییەکان لە دانوستانەکانى پێشووى هەرێم و بەغدا یەکێک بوو لەداوا سەرەکییەکانى بەغدا، بەڵام بەرپرسانى هەرێم ئەوکات رەتیانکردەوە و جەختیان لەوەکردەوە کە بەهەماهەنگى کارەکان بەڕێوەببرێت.