کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - شەهرام عەزیز
بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر دوو پرسی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکات و ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەکەش دەڵێت، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە.
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتیدا دوو ڕاسپاردە دراوە بە جڤاتی نیشتیمانی، ئەوانیش جەختکردنەوەیە لە چاکسازیکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنێتی دیاریکردنی کاندیدەکانمان بۆ پۆستەکانی کابینەی نوێ".
.
وتیشی، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی گفتوگۆ لەسەر میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیدەکان دەکات بۆ پۆستەکانی حکومەت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە ڕابردوودا ڕوویاندا دووبارە نەبنەوە و هیچ بەرپرسێکیان بزووتنەوەکە جێنەهێڵن.
لە ماوەی ڕابردووشدا سەرچاوەیەک لە جڤاتی نیشتیمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاندبوو، ڕێوشوێن و مەرجی توندیان داناوە بۆ ئەو کەسانەی پۆست وەردەگرن و هەرکەس لە سیاسەتی بزووتنەوەکە لابدات، ڕاستەوخۆ پۆستەکەی لێوەردەگیرێتەوە.
خەلیل سەرکانی ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵێکی دیکە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، خاڵێکی ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی کە تایبەتە بە چاکسازیکردن لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا و یەکگرتنەوەی سەرجەم هێزەکانە و سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو خاڵە.
.
"یەکێتى دەیویست ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی تێک بدات"
سەبارەت بە ڕازیبوونیان بە زیادکردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی باسی لەوەکرد، " یەکێتی دەیویست ڕێکەوتنەکەی ئێمە و پارتی تێک بدات نازانم بۆ هێندە پۆستیان بەلاوە گرنگە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی کێشەکە هێندە درێژە نەکێشێت ڕازی بووین جێگرێک زیاد بکرێت و ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری دەبێت.
سەبارەت بە وادەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و دوا گفتوگۆیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت خەلیل سەرکانی ڕوونیکردەوە، بە دیاریکراوی نازانن چ ڕۆژێک، بەڵام لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە و ڕێکەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکرێت.