گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سوید ئەوروپا تووشى شۆک دەکات’توشبووى کەمى کۆرۆنا بەبێ رێوشوێنى توند’

2020.09.21 - 13:26
سوید ئەوروپا تووشى شۆک دەکات’توشبووى کەمى کۆرۆنا بەبێ رێوشوێنى توند’

ناس کورد-

لەکاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان فەرمانیانکردووە بە گرتنەبەرى رێوشوێنى داخستنى توند لەگەڵ شەپۆلێکى نوێی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنادا، سوید بڕیاریداوە بارودۆخەکە وەک خۆى بهێڵێتەوە وەک ئەوەى ڤایرۆسەکە هەر نەبێت، لەگەڵ دابەزینى بەردەوامى ژمارەى توشبوون لەو وڵاتە.

 

بەپێچەوانەى بەستنى دەمامک لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەشێوەیەکى باو لەزۆربەى وڵاتان، سودیییەکان دەمامک لە وێستگەکانى شەمەندەفەر و سۆپەرمارکێت و سەنتەرەکانى بازاڕکردن نابەستن، هاوکات لەگەڵ دابەزینى ژمارەى توشبووان لەو وڵاتە، کە زانایانى توشى سەرسوڕمان کردووە.

 

لەکاتێکدا زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا قوتابخانە و چێشتخانە و شوێنەکانى یاریکردن و سنورەکانیان داخستووە، سویدییەکان بە ئازادانە ژیانى خۆیان دەگوزەرێنن، ئەوەش بەپێی ئاژانسى ئەسۆشیەتیدپرێس.

 

لە ئێستادا و لەگەڵ بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبوون جارێکى دیکە لە زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا، لەسوید کە ژمارەى دانیشتوانەکەى دەگاتە 10 ملیۆن کەس، کەمترین ژمارەى توشبووانى تێدا بەکۆرۆنا تۆمارکراوە، تەنها 14 نەخۆشیش لەژێر چاودێرى چڕدان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوە روون نییە کە ئەو ستراتیژییەى سوید سەرکەوتووە یاخود نا، لەگەڵ بەردەوامى دەسەڵاتدارانى تەندروستى، بەتایبەتى ئەندرس تینگیل گەورە زاناى پەتاناسى بۆ هۆشداریدان لەو بارەیەوە کە هێشتا زووە هۆکارى ئەوە بزانرێت و وڵاتان لە قۆناغى جیاجیاى پەتاکەدان.

 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا  ئەوە نەبووەتە رێگر لەبەردەم ئەوەى کاسرین سومولوود گەورە بەرپرسى فریاگوزاریی لە رێکخراوى تەندروستى جیهانى بڵێت "کیشوەرى ئەوروپا دەکرێت وانەى گەورە لە سوید وەربگرێت، کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا".

 

وتیشى "پێویستە ئەوە بزانین کە سوید لە ئێستادا بەدورە لەو زیادبوونەى کە بەشێک لە وڵاتانى دیکەى ئەوروپاى خۆرئاوا بەخۆیانەوە دەیبینن، پێموایە وانەیەک لەوەدا هەیە، سورین لەسەر کارکردن و بیستنى زانیارى زیاتر لەبارەى ئەو بەرنامەیەوە کە سوید پەیڕەوى دەکات".

 

بەگوێرەى سەنتەرى ئەوروپى بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییەکان، 30.3 حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لە سوید لەکۆى 100 هەزار کەس تۆمارکراوە لەماوەى  14 رۆژدا، بەراورد بە 292.2  حاڵەت لە ئیسپانیا، 172.1 حاڵەت لە فەڕەنسا، 61.8 حاڵەت لە بەریتانیا، 69.2 حاڵەت لە دانیمارک و سەرجەمیان رێوشوێنى توندى پێشوەختەیان گرتووەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاکە.

 

بەشێوەیەکى گشتى لە سوید 88237 حاڵەتى توشبوون و 5864 حاڵەتى مردن بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە دەکاتە 57.5 حاڵەتى مردن بۆ هەر 100 هەزار کەسێک لەسەرەتاى قەیرانەکەوە.