گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’هەڕەشەى سزادانیان کراوە’

مامۆستایانى ناڕازى: بەڵێننامە بە مامۆستایان پڕکراوەتەوە کە بەشداری خۆپیشاندان نەکەن

2020.09.21 - 13:08
مامۆستایانى ناڕازى: بەڵێننامە بە مامۆستایان پڕکراوەتەوە کە بەشداری خۆپیشاندان نەکەن

ناس کورد-

ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی ڕایگەیاند، لەسنوری بادینان بەڵێننامە بە مامۆستایان پڕکراوەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان نەکەن، بەپێچەوانەوە بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.

 

عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بەناس کوردی ڕاگەیاند: "لەدوای خۆپیشاندانەکانی ماوەی ڕابردوو، لەسنوری بادینان 50 بۆ 60 مامۆستا بەڵێننامەیان پێپڕکراوەتەوە کە بەشداری هیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک نەکەن".

 

وتیشی :"هەڕەشە لەو مامۆستایانە کراوە کە ئەگەر بەپێچەوانەی بەڵێننامەکە بەشداری خۆپیشاندان بکەن، ئەوا پێویستە ئامادەی هەموو لێپێچینەوەیەک و توندترین سزا بن".

 

ئەوەش لەکاتێكدایە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 21ی ئەیلولی 2020)، لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى هۆشدارییاندایە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەگەرى جێبەجێنەکردنى داواکارییەکانیان سەرەتاى دەستپێکى ساڵى نوێى خوێندن دەکەنە دەستپێکى ئەنجامدانى خۆپیشاندانى سەرتاسەرى.  

 

بەگوێرەى ئەو راگەیەندراوەى کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا خوێنرایەوە، ئەنجومەنەکە داواى دابەشکردنى مووچە دەکەن 30 ڕۆژ جارێک و بەبێ لێبڕین. 

 

هەروەها بەشێکى ترى داواکارییەکانى ئەنجومەنەکە خۆى لە یەکلایکردنەوەى مووچە پاشەکەوتکراوەکان و چۆنیەتى خەرجکردنەوەیان و پلەبەرزکردنەوەى مامۆستایان و دامەزراندنى دەرچووەکانى زانکۆ و پەیمانگەکان دەبینییەوە. 

 

داواشیان لە حکومەت کرد کە کۆتایى بهێنرێت بە راودەوونان و دەستگیرکردنى مامۆستایانى ناڕازى و چالاکوانانى مەدەنى.