گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناسنامەى ئەو کەسە دیاریکرا کە هەوڵیدا ترەمپ ژەهراوى بکات

2020.09.20 - 18:54
ناسنامەى ئەو کەسە دیاریکرا کە هەوڵیدا ترەمپ ژەهراوى بکات

ناس كورد-

دەسەڵاتدارانى ئەمریکا ناسنامەى ئەو کەسەیان دیاریکردووە کە لەپشت هەوڵى ژەهرخواردکردنى دۆناڵد ترەمپەوە بووە لەم هەفتەیەدا، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى "نیۆیۆرک تایمز".

 

دوێنێ (شەممە) دەسەڵاتدارانى جێبەجێکردنى یاسا لە کۆشکى سپى هەوڵێکى ژەهرخواردکردنى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکایان ئاشکراکرد لە رێگەى ناردنى پۆستێکەوە کە مادەى ریسینى ژەهراوى تێدا بووە.

 

رۆژنامەى "نیۆیۆرک تایمز" لەزارى سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە، ئەو پۆستە پێدەچێت لە کەنەداوە نێردرابێت، دەسەڵاتداران ناسنامەى ئەو کەسەیان دیاریکردووە کە خاوەنى پۆستەکەیە و ژنێکە. بەبێ ئەوەى ناسنامەکەى ئاشکرابکات.

 

وتیشى "پۆستەکە نێردراوە بۆ سەنتەرێکى پۆستەى حکومى، پێش ئەوەى بگات بە کۆشکى سپى".

 

پێشتر کەناڵى (سی ئێن ئێن)ى ئەمریکى بڵاویکردبووەوە، دوو تاقيكردنەوە كراوە بۆ پۆستەكە بۆ دڵنيابوونەوە لە بوونى ئەو ماددەيە، هەروەها پشكنين بۆ سەرجەم پۆستەكانى تايبەت بە كۆشكى سپى كراوە لەو شوێنەى كە لە دەرەوەيە پێش ئەوەى بگاتە كۆشكى سپى.  

  

ماددەى "ڕيسين" مادەيەكى ژەهرى بەهێزە و زياتر لە كارە تيرۆرستيەكان بەكاردەهێنرێت، وەك بۆدرە ياخود حەب ياخود دوكەڵ بەكاردەهێنرێت، دەبێتە هۆى ڕشانەوە و هێڵنجدان و خوێنبەربونى ناوخۆيى لە گەدە و هەناودا، دواتر جگەر و سپڵ و گورچيلەكان لەكاردەخات و دەبێتە هۆى مردن بەهۆى وەستانى سوڕى خوێنەوە.  

 

بەگوێرەى ماڵپەرى "بزنس ئینسایدەر" خواردنى ئەو ماددەیە دەبێتە هۆى کوشتنى مرۆڤ لەماوەى سێ بۆ پێنج رۆژدا.