گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێك نزيكترين بژاردە تايبەت بە بازنەكانى هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

2020.09.20 - 17:27
پەرلەمانتارێك نزيكترين بژاردە تايبەت بە بازنەكانى هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشكى ئيئتلافى سائرون ئاشكرايكرد، ئەو بژاردەيەى كە زياتر ئەگەرى هەيە لە هەڵبژاردنەكانى داهاتوو تايبەت بە بازنەكانى هەڵبژاردن بريتييە لەوەى كە بۆ هەر بازنەيەكى هەڵبژاردن 4 كورسى هەبێت، پێشبينى ئەوەش دەكات لەماوەى داهاتودا ئەو بابەتە يەكلايى ببێتەوە.

 

ڕياز مەسعودى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشكى ئيئتلافى سائرون لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانيدا ئاماژەى بەوە کرد، نوێنەرى هێزە سياسيەكان لە ليژنەى ياسايى لە گفتوگۆى بەردەوامدان، بژاردەكانيان سەبارەت بە بازنەى هەڵبژاردن كەمكردوەتەوە بۆ 3 بژاردە، ئەوەش لەكاتێكدايە سەرەتا 6 بژاردە بوو.

 

هێماى بۆ ئەوەشكرد، بژاردەى يەكەم بريتييە لەوەى "237 بازنەى هەڵبژاردن هەبێت" بژاردەى دوەم ئەوەيە "هەر قەزايەك بازنەيەكى هەڵبژاردن بێت" و بژاردەى سێيەميش كە زياتر ئەگەرى هەيە بريتييە لە "بۆ هەر بازنەيەكى هەڵبژاردن 4 كورسى پەرلەمان هەبێت".

 

مەسعودى ڕونيشيكردەوە "ليژنەى ياسايى لە بژاردەكان دەكۆڵێتەوە لە ڕوى ئيجابيات و سلبياتەكانيان و تواناى جێبەجێكردنيان لەسەر ئەرزى واقيع و خێرايى جێبەجێكردنيان، چونكە ئەوە كارێكى گرنگە و پێويستە گرنگى بە لێكۆڵينەوە لەسەرى بدرێت".

 

دەشڵێت "لايەنى هونەرى پەيوەندى بە كۆمسيۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانەوە هەيە، بۆيە پێويستە زۆر بەباشى گوێ لە بۆچونيان بگيردرێت، هەروەها پێويستە گوێ لە بۆچونى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكانيش بگيردرێت لە پشتگيريكردنيان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن لە عێراق".

 

ئەو پەرلەمانتارە جەختى کردەوە، ئەگەرى هەيە لە چەند ڕۆژى داهاتودا بابەتەكە يەكلايى بكرێتەوە ئەويش بە ئامادەكردنى ڕێگەيەكى ئيجابى كە بتوانرێت لە ڕێيەوە ياسايەكى دادپەروەر و شەفاف بهێنرێتە بەرهەم.