گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تا سەری ساڵ بەردەوام دەبێت

وەزارەتی دارایی فەرمانی بە گەنجینەکان کردووە لێبڕینی %21ی موچە بشارنەوە

2020.09.20 - 16:14
وەزارەتی دارایی فەرمانی بە گەنجینەکان کردووە لێبڕینی %21ی موچە بشارنەوە

ناس کورد-

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەڕێگەی فەرمانێکی زارەکییەوە گەنجینەکانی ئاگاداکردووەتەوە کە لێبڕینی %21ی موچە لەسەر لیستی موچە بشارنەوەو تەنها %79ی موچە بهێڵنەوە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، حکومەت دەیەوێت خۆی لەگێڕانەوەی %21ی موچە دەرباز بکات و تا کۆتایی ساڵیش بەو میکانیزمە موچە دابەشبکات.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێک لە گەنجینەکانی سلێمانی کە مەرجی ئەوەی ناوی بڵاونەکرێتەوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری فەرمانی پێکردوون کە لێبڕینی %21ی موچە لەسەر لیستی موچە لابەرن و تەنها %79 بهێڵنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی لێبڕینی %21ی موچە لەسەر لیستی موچە نەبێت و %79ی موچە ببێتە فەرمی."

 

وتیشی: "وەزارەتی درایی و ئابوری لەڕێگەی پەیوەندی زارەکییەوە گەنجینەکانی لەفەرمانەکەی ئاگادارکردووەتەوە، ئەوەش لەترسی ئەوەی فەرمانەکە بڵاوببێتەوە و کاردانەوە و ڕەخنە بەدوای خۆیدا بهێنێت."

 

حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی هەواڵەکەی بۆ ناس کورد پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: "نوسینی ئەو ژمارەیە شتێکی خەیاڵییە و لابردنیشی بۆ ئەوەیە قەرەباڵخی لەسەر لیستی موچە دروست نەبێت و نوسینەکان کەمبکرێنەوە."

 

ناس کورد زانیویەتی، لە گەنجینەی دووی سلێمانی بریارەکەی وەزارەتی داراییان بە نایاسایی ناوبردووە، بەهۆی ئەوەی لە یاسای ئابوری و حساباتدا کاری واناکرێت و نایاساییە، بەڵام نەتوانراوە فەرمانەکە ڕەتبکرێتەوە.

 

بەوتەی سەرچاوەکە، هۆکاری پشت فەرمانەکەی وەزارەتی دارایی بۆ دەربازبوونی حکومەتە لەو لێبڕینە، بۆ ئەوەی نەبێت بە پاشەکەوت بەسەرییەوە، هەروەها واتای ئەوەیە کە تاوەکو کۆتایی ساڵ موچە بەو میکانیزمە دابەشدەکرێت.