گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەپۆلی کۆچ بەرەو ئەوروپا دەستیپێکردووەتەوە

ناس کورد ژمارەى کۆچبەرانی ئەمساڵی هەرێم بۆ ئەوروپا ئاشکرا دەکات

2020.09.20 - 10:48
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد ژمارەى کۆچبەرانی ئەمساڵی هەرێم بۆ ئەوروپا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەگەرچی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەتایبەتی لەسنوری نێوان وڵاتان هێشتا ماون، بەڵام بەوتەی سەرۆکی دەزگای لوتکە، بەهۆی خراپی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە، شەپۆلی کۆچکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووەتەوە، دەشڵێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 15 هەزار کەس هەرێمیان بەرەو ئەوروپا جێهێشتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هاوکات لەگەڵ بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، قەیرانێکی دارایی قورسیش ڕووبەڕووی هاووڵاتیان بوویەوە کە خۆی لە و دواکەوتن و لێبڕینی موچە و نەبوونی کاردا دەبینێتەوە، ئەوەش هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس کردووەتەوە.

 

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بەناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دۆخەی لەمساڵدا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە و بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و بێکارییەی هەیە شەپۆلی کۆچکردنی هاووڵاتیان و بەتایبەت گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکردووەتەوە."

 

وتیشی: "هەرچەندە ماوەیەکی زۆر بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سنورەکان و گەشتە ئاسمانییەکان داخرابوون، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 15 هەزار کەس لەهەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی دەرەوە چوون، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و کەمکردنەوەی ڕێکارە تەندروستییەکانیشدا ئامارەکان زیاتر دەبن."

 

ڕوونیشیکردەوە: "ئەگەر ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و نەبوونی گەشتەکان نەبوایە، ئەوا ئەمساڵ کۆچکردنی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ دەرەوە دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو دەبوو، ئەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە لە هەرێم هەیە."

 

ئاری جەلال باسی لەوەشكرد: "لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی سنورەکان زۆر خراپە و لەئێستادا مامەڵەیەکی خراپ لەگەل پەنابەراندا دەکرێت، ئەوەی دەگاتە یۆنان دیپۆرت دەکرێتەوە، مەگەر بگاتە ئەسینای پایتەخت، یاخود بەڕێگەی ئاوی و لەدەریای ئیجەوە بگات کەناراوەکانی ئیتاڵیا."

 

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشكرد: "له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا 27 هاووڵاتی هەرێم له‌ رێگاى كۆچكردن گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، تائێستا ته‌رمى 15 کەسیان بێسه‌روشوێنه‌ و تەرمی 12 کەسیش ته‌رمه‌كانیان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌."

 

ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو، دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم ئامارەکانی کۆچکردن بەڕوونی دەزانن و مانگانە دەتوانن دەستیان بکەوێت، بەڵام خۆیان ئاشکرای ناکەن و نایانەوێت ئاشکرابێت.

 

ئاماری زۆری کۆچکردن لەسەردەمی کۆتوبەندی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا لەهەریمی کوردستان لەکاتێکدایە، ئامارەکانی خۆکوشتنیش لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە، بەشێوەیەک لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە 107 کەس کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.