گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەریتانیا قورسترین سزای پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکات

2020.09.20 - 09:49
بەریتانیا قورسترین سزای پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکات

ناس کورد-

لەدوای هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە وڵاتی بەریتانیا و گرتنەبەری چەندین ڕێکار، یەکێک لە قورسترین سزاکانی لەبارەی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانەوە دەرکرد کە دەگاتە 13 هەزار دۆلار غەرامە کردن "پێبژاردن".

 

ئامارەکانی کۆرۆنا لە بەریتانیا ڕوویان لە هەڵکشان کردەوە و تەنها دوێنێ شەممە، چوار هەزار و 422 توشبووی نوێ تۆمارکراون و زیاتر لە 100 توشبووش گیانیانلەدەستداوە، وەک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەڵێت، لە قۆناغی دووەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادان.

 

بەوهۆیەوە بەرپرسانی وڵاتەکە چەند ڕێکارێکی خێرایان گرتەبەر بۆ بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و چەند بڕیاریکیش دران.

 

یەکێک لە قورسترین بڕیارەکان ئەوەیە، هەرکەسێک لە گەشت گەڕابێتەوە و خۆی کەرەنتینە نەکات و پابەندی بڕیارەکە نەبێت، لەیەکەم چوونەدەرەوەیدا بەبڕی هەزار و 300 دۆلار سزادەدرێت، لەئەگەری دووبارە چوونەدەرەوەشی ئەوا بەبڕی 13 هەزار دۆلار سزادەدرێت و غەرامە دەکرێت.

 

هەر لەوبارەیەوە بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە  داوای لە هاووڵاتیان کرد کەرەنتینەی کەسی پەیڕەو بکەن و نەچنە دەرەوە و ئاماژەی بەوەکرد، نایانەوێت قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێننەوە.

 

هاوکات بەرپرسانی تەندروستیی بەریتانیا داوایان لەو کەسانە کرد کە پشکنینی کۆرۆنایان ئەرێنی بووە، بەڵام نیشانەیان نییە، بۆماوەی 10 ڕۆژ خۆیان جیابکەنەوە، ئەوانیش نیشانەیان هەیە بۆماوەی 14 رۆژ.

 

بەریتانیا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 390 هەزار توشبووی ڤایرۆسەکەی تۆمارکردووە و نزیکەی 42 هەزار توشبووش گیانیانلەدەستداوە.