گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەبیانوی چارەسەر لە بەرپرسێکی باڵا قەدەغە کرد

2020.09.19 - 23:14
کازمی گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەبیانوی چارەسەر لە بەرپرسێکی باڵا قەدەغە کرد

ناس کورد-

بەهۆی تێوەگلانی فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانی پارێزگای زیقار لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی شارەکە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە ناوبراو قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵاتی بەسەردا بسەپێنرێت.

 

ئەمڕۆ شەممە 19ی ئەیلولی 2020، ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: "بەفەرمانی مستەفا کازمی، قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات بەسەر فەریق روکن جەمیل شمەری، فەرماندەی ئۆپراسیونەکانی پارێزگای زیقار سەپێنراوە".

 

تەڵال وتیشی: "جەمیل شمەری ویستویەتی بەبیانووی نەخۆشی بڕواتە دەرەوی وڵات بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە مۆڵەتی پێدراوە، بەڵام سەرۆکوەزان ئەو مۆڵەتە خەیاڵییەی هەڵوەشاندووەتەوە و فەرمانی کردووە قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات لەسەر شمەری جێبەجێبکرێت، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی ناوبراو لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار".

 

فەریق ڕوکن جەمیل شمەری، لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای زیقاربوو، لە ئێستادا بە پێدانی فەرمانی تەقەکردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی شارەکە کە بەهۆیە دەیان کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و برینداربوون تۆمەتبارکراوە، بەتایبەتی کۆشتارگەی پردی زیتون. 

 

 لەئێستادا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای زیقار و 15 ئەفسەری پلە باڵای ئەو پارێزگایە دەرچووە، ئەوەش بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەرانی پارێزگاکە.