گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شیعەکانی نزیک لە ئێران لە تارانەوە هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی کازمی دەستپێکردووە

2020.09.19 - 22:30
شیعەکانی نزیک لە ئێران لە تارانەوە هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی کازمی دەستپێکردووە

ناس کورد-

ماڵپەڕێکی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵای عێراق بڵاویکردەوە، لایەنگرانی ئێران لەعێراق جموجۆڵەکانیان بۆ لابردنی مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەپۆستەکەی چڕکردووەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح و ڕەوتی سەدر بەنیازن پێش وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەو پلانە جێبەجێبکەن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری "حورە"ی ئەمریکی، سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت  بە ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاندووە: "دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری و ڕەوتی سەدر بەڕابەرایەتی موقتەدا سەدر، لە ئێستادا هەوڵەکانیان بۆلابردنی کازمی لە پۆستەکەی چڕکردووەتەوە، ئەوەش بە پشتگیری ئێران".

 

سەرچاوە باڵا سیاسییەکە ئاشکرایکردووە: "لە دوایین کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ لایەن شیعییەکانی نزیک لە ئێران، لایەنگرانی ئێران بەڕاشکاوانە بەکازمیان وتووە، ئەوان مەرجیان هەیە بۆئەوەی ناوبراو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە ئەگەر ئەو مەرجانە  جێبەجێنەکات ئەو کار بۆلابردنی دەکەن".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "لایەن شیعییەکان داوایان لە کازمی کردووە ئەو ستافەی کەئێستا لە بەڕێوەچوونی کارەکانی هاوکاری دەکەن، وەک ڕاوێژکارەکانی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی بگۆڕێت بەکەسانی تر، ئەگەرنا ئەوا ناچاری دەکەن دەستلەکاربکێشێتەوە".

 

بەگورەی ڕاپۆرتەکە: "سەردانەکەی ئەم دواییەی مالکی بۆ تاران بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ دوورخستنەوەی کازمی لە پۆستەکەی".  

 

لەوبارەیەوە وائیل عەبدول لەتیف، سیاسەتمدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە ماڵپەرە ئەمریکییەکەی وتووە: "هەواڵەکانی لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران بۆ لابردنی کازمی لە پۆستەکەی لەوکاتەوە دەستپێکردووە  کە ناوبراو جموجۆڵە  چاکسازییەکانی دەست پێکرد، بە تایبەتی دوای دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، بۆیە پێش ئەنجامدانی هەڵمەتەکەی سەرۆکوزەیران، مالکی خۆی گەیاندە تاران، چونکە دەزانێت هەڵمەتی دەستگیرکردنی  گەندەڵکاران کەسانی نزیک لە دەوڵەتی یاسا دەگرێتەوە".

 

بەبڕوای عەبدول لەتیف: "مالکی و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت پێش وادەی هەڵبژاردنەکان کازمی لە پۆستەکەی دووربخەنەوە، چونکە پێیانوایە کازمی و بەرهەم ساڵح پلانی ئەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی حوزیرانی داهاتوودا  بەلیستێکی نوێ بەشداری بکەن، ئەوەش مەترسی گەورەی دەبێت بۆ سەرچارەنوس و ئایندەی هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق".

 

ئەوسیاسەتمەدارە عێراقییە پێیوایە، سەردانەکەی مالکی بۆ ئێران چەند بڕیارێکی لێبکەوێتەوە کە لەهەمووی گرنگتر جوڵاندنی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە دژ بە هەوڵە چاکسازییەکانی کازمی لە عێراق، بۆ ئەوەی ناوبراو نەتوانێت بەرنامە حکومییەکەی جێبەجێبکات کە لەسەروبەندی دەستبەکاربوونیدا بەڵێنیدابوو ئەنجامیبدات.