ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لەپەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، لەماوەی ساڵێک و دوو مانگی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، 571 کەس بەڕووداوی هاتوچۆ گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون، دەشڵێت، پێویستە وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەستلەکاربکێشێتەوە، نەوەک قسەی باق و بریق بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدان کردنەوە و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "لەماوەی ساڵێك و دوومانگی ئەم كابینەیە کەدەکاتە 428 ڕۆژ، بەھۆی خراپی رێگاوبانەكان (571) كەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەروەها شەش هەزار و 210 هاووڵاتی برینداربوون و کەمئەندام بوون."
بەوتەی سەرۆکی لیژنیە ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان، ئەو ئامارانەی مردن و برینداربوون لە ئاکامی 3954و ڕوداوی ھاتوچۆ بووە و زیاتر لە نۆ ملیۆن دۆلار زیان بەر هاووڵاتیان کەوتووە.
سەرۆکی لیژنیە ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشكردووە: " پێویستە وەزیری ئاوەدانكردنەوە دەستلەكاربكێشێتەوە، نەك قسەی باق و بریق بكات و خەڵك چەواشە بكات بەسکەی قیتارێک کە یەک ھەنگاوی کردەیی بۆ نەنراوە."