گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەلا بەختیار قسەی نوێ لەبارەی نەوشیروان مستەفاوە دەکات

2020.09.19 - 20:09
مەلا بەختیار قسەی نوێ لەبارەی نەوشیروان مستەفاوە دەکات

ناس کورد-

دواجار مەلا بەختیار کتێبی "لەبری بیرەوەری" بڵاوکردەوە و هەندێک قسەی لەسەر کتێبەکە و نەوشیروان مستەفا کرد، ڕاشیگەیاند، هەموو ئەوانەی ڕاستییەکانیان شاردەوە خەڵاتکران و ئەوانەشی ڕاستی دەڵێن پەلاماریان دەدەن، هاوکات ئەوانەشی ڕەخنەی لێدەگرن بە "گەجەر و گوجەر" ناودەبات.

 

ئەمڕۆ شەممە 18ی ئەیلولی 2020، مەلا بەختیار کتێبە نوێیەکەی بەناوی "لەبری بیرەوەری" بڵاوکردەوە، ئەو کتێبەی پێش بڵاوبوونەوەی مشتومڕێکی زۆری دروستکرد و کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن میدیای گۆڕانەوە بەئێستاشەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە مەلا بەختیار دەگیرێت.

 

لەمیانەی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا، مەلا بەختیار ڕایگەیاند: "ئەو ڕەخنانەی من لە کتێبەکەمدا لە نەوشیروان مستەفام گرتوون، خاڵە باشەکانی نەوشیروان مستەفا ناسڕنەوە، ئەو پەلامار و تەشهیرە زۆرەشی بەمن ئەکرێت لەلایەن گۆڕانەوە، خاڵە سلبییەکانی ناوبراو ناسڕنەوە."

 

وتیشی: "لەماوەی 51 ساڵی تەمەنی سیاسیمدا، لەهەموو قۆناغەکانی سەرکەوتن و شکستمدا، تاوەکو ئێستا هێندەی ئەم هەفتەیە وتاری بەرگریم لەسەر نەنوسراوە، 68 وتیار بینیوە و لامە 11 کەسیان دەناسم، سەرجەمیشیان بەرگرییان لێکردووم."

 

مەلا بەخیاری ئاماژەی بەوەشکرد: "بەدرێژایی مێژوو لە هەموو وڵاتێکی دواکەوتوودا، یاخود لەسەرەتای مێژووی دروستبوونی دیموکراسی لەوڵاتانی ڕۆژئاواییدا، پەلاماری نوسەر و بیرمەند و سیاسییەکان دراوە، بەڵام بەدبەختییەکە ئەوەیە، لەوێ سەرۆکەکان و قەیسەڕ و گەورەکان ڕاویان دەنێن، ئێمەش لێرە گەجەر و گوجەرەکان قسەمان پێدەڵێن."

 

ڕونیشیکردەوە: " بەمن دەڵێن تاوەکو کاک نەوشیروان لەژیاندا بوو نەیوێرا قسەی لەسەر بکات، ئەوە قسەیەکی زۆر عەیبە، نە کاک نەوشیروان کەسێک بوو کە کەس نەوێرێ قسە بکات بەرامبەری، نە ئەمانەشی بەرگری لێدەکەن کاک نەوشیروان دەناسن."

 

جەختیشیکردەوە: "من پێشتریش کە کاک نەوشیروان و مام جەلال لە ژیاندا ماون، قسەم کردووە و لەهیچ کەس نەترساوم، ئێستاش ئەگەر نوسینەکانی سەردەمی کۆمەڵە چاک بکەم زیاتر لە هەزار لاپەڕەم نوسیوە و ڕەخنەم گرتووە."

 

مەلا بەختیاری باسی لەوەشكرد: "وەڵامدانەوەی من بە جنێو ناکرێت و جنێو لە ئەدەبیاتدا بوونی نییە، ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە من دەوترێت لەلایەن گۆڕانخوازانەوە لە زەلکاودا بوونی هەیە، بۆیە دەبێت دەست بە لوتتانەوە بگرن ئینجا کۆمپیوتەرەکانتان و فەیسبوک بکەنەوە."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "کار گەیشتووەتە ئەوەی ژمارەی خێزانی منیان بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک تەلەفۆنی بۆ بکەن، بەشەرەفتان هیچ فاشیستێکی لەدنیادا کاری وای کردووە؟، لەکاتێکدا کاک نەوشیروان دیارییەکەی بۆ خێزانم ناردووە، تاوەکو ئێستاش هەڵیگرتووە، من کتێبەکەم نوسیوە، خۆ خێزانم نەینوسیوە، ئەو چ گوناحێکی هەیە."

 

لەکۆتایی قسەکانیدا مەلا بەختار باسی لەوەکرد: "من ساڵانێکی زۆر کاک نەوشیروانم ناسیوە و زۆر شتی شەخسی دەزانم، بەڵام ئەخلاقم ڕیگەی نەداوم باسی یەک شتی شەخسی کاک نەوشیروان بکەم، کەچی ئێستا هاتوون تۆمەتی شەخسی بۆ من هەڵدەبەستن."