گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوسینگەی سەرۆکوەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی کازمی لەگەڵ حەلبوسی و بلاسخارت ئاشکرا کرد

2020.09.19 - 18:13
نوسینگەی سەرۆکوەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی کازمی لەگەڵ حەلبوسی و بلاسخارت ئاشکرا کرد

ناس کورد-

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جینین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کۆبوونەتەوە، لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە کە "هەڵبژاردنەکان، چاودێرکرنی پرۆسەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان" سێ تەوەری سەرەکی بوون کە تاوتوێ کراون.

 

ئەمڕۆ شەممە، 19ی ئەیلولی 2020، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە، "لە کۆبوونەوەی نێوان کازمی و بلاسخاراتدا سێ دۆسیەی گرنگ و سەرەکی تاوتوێکراون کە بریتین لە هاوکارکردنی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە  ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزیرانی ساڵی داهاتوو، چاودێرکرنی پرۆسەکە  بەشێویەک کە ببێتە مایەی مسۆگەرکردنی پاکۆ بێگەردی وکارکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆزێدی خۆیان بەزووترین کات".

 

دواتر کازمی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کرد.

 

لە ڕاگەیەنراوی نوسینگەی کازمیدا هاتووە، "کازمی و حەلبوسی دۆخی سیاسیی و ئەمنی و ئابوری وڵات و ئاڵنگارییەکانیان گفتوگۆ کردووە، هەروەها خێراکردن لە دەرکردنی ئەو یاسایانەى کە خزمەت بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکەن."

 

ڕاشیگەیاند، "هەردوولا ڕەزامەندبوون لەسەر "یاسای هەڵبژاردنەکان و گرنگی کۆتاییهاتنی ئەو بابەتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە" کە بڕیارە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت."

 

جگە لەوانەش، بابەتی "هەماهەنگی پەرلەمان و حکومەت و پشتگیری حکومەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى گەندەڵی تاوتوێ کران".