ناس کورد-
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، زیاتر لە شەش مانگە پرسی بڕینەوەی دار و سنەوبەرەکانی ڕێگای تاسڵوجەیان داوەتە دادگا، بەڵام تائێستا هیچ لێپێچینەوەیەک نەکراوە، دەشڵێت، دەسەڵاتی ئیداری پارێزگای سلێمانی و دادگا توانای لێپێچینەوەیان لەو کەسانە نییە کە ئەو کارە دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماوەی چەند ڕۆژێکە سوتاندنی دارو درەختەکانی ڕێگەی تاسڵوجە دەستیپێکردووەتەوە و وەک باسدەکرێت بەمەبەستی بنیادنانی پڕۆژەی بازرگانی ئەو کارە دەکرێت لەلایەن کەسانی دەستڕۆشتووی سنوری سلێمانییەوە.
ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "سوتاندنی سنەوبەرەکان و بڕینەوەی دارەکان و تێکدانی باخە زەیتونەکان بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوەو هەمووی پلان و بەرنامە بۆداڕێژراوە و بە ئەنقەست و بەمەبەست دەکرێت و هێرشێکی چڕە بۆسەر سەوزایی شاری سلێمانی".
ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەندێک بینا و باڵەخانە لەسەر ڕێگای تاسڵوجە دروستکراوە لەبەر ئەوەی درەختەکان واجیهە و ڕوی بیناکەی شاردووەتەوە هەستاون بەبڕینەوەو وشککردنی دارەکان."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەڵگە و نوسراوی کۆمپانیام لایە کە پڕۆژەی تەجاوزو نایاسایی دروستکردووە و دواتر خۆی دانی بەوەداناوە کەچەند درەختێک بەر پڕۆژەکەی کەوتووە لەناوی بردوون و ئێستا ئامادەن قەرەبوی درەختەکان بکەنەوە، بەڵام لە ئەسڵدا باخێکی زەیتونی تێکداوە و لەواقیعدا ئاسەواری نەماوە."
ڕەمەزان نامیق دەشڵێت: "زیاتر لەشەش مانگە بڕینەوەی درەخت و پڕۆژەی تەجاوز لەسەر ڕێگای تاسڵوجە، ڕوبەڕووی دادگامان کردووەتەوە بەڵام تا ئێستا ئیجرائات نەکراوەو نەمانبینیوە ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر لەدژیان."
وەک دەوترێت ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن کەسانی دەستڕۆیشتوون و پاڵپشتی بەرپرسانی حزبییان هەیە.
لەوبارەیەوە ڕەمەزان نامیق بەناس کوردی وت: " ماوەی چەندین ساڵە کاری تەجاوز و نایاسایی دەکرێت، بەڵام هیچ کەسێکی حکومی یاخود ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و دادگاش ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات، چونکە ئەو کەسانە لەسەروو دەسەڵاتی دادگا و حکومەت و ئیدارەکانن."
ئاماژەی بەوەشكرد: "تەنانەت لەهەندێک شوێندا فەرمانگەکانی حکومەتیش تێکەڵی ئەو کارە نایاساییانە کراون و بەڵگەم لایە لەچەند شوێنێک تجاوزەکان ئەوەندە زۆرە دوو کۆڵان خانووی تەجاوزی لەسەر دروستکراوەو لەلایەن چەند فەرمانگەیەکی حکومیش بە مومتەلەکاتی دەوڵەت خزمەتگوزارییان بۆڕۆشتووە، دواتر وتویانە بەهەڵە خزمەتگوزاریمان بۆ بردوون."
ئەو ئەندامە ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی جەختیشیکردەوە: "بەوەی لەم وڵاتە و لەسنوری سلێمانی دەگوزەرێت، تازە ئەو پڕۆژانەی دروستکراو تێکنادرێن، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئەو زەویانە داگیرنەکرێن و هەروەها ئەو ناوچەیەش سەوز بکەینەوە."
جەختیشیکردەوە: " ئەوانەی خۆیان بەخاوەنی شار دەزانن و سەرجەم سەروەریەکان و باشیەکانی شار دەکەنە دەسکەوتی خۆیان،هەرئەوانە بەرپرسیاری یەکەمن و پشکی شێریان بەردەکەوێت لە بەرپرسیارێتی و دۆزینەوەی پشتی ئەم کارە قێزەونانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکیانە سەوزایی شار بپارێزن و خزمەتی بکەن ."