گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن لیژنەکەى کازمییەوە بۆ دەرچووە

وەزیری پێشووی كارەبا لەبارەی دەنگۆی هەڵهاتنییەوە ڕوونكردنەوە دەدا

2020.09.19 - 17:13
وەزیری پێشووی كارەبا لەبارەی دەنگۆی هەڵهاتنییەوە ڕوونكردنەوە دەدا

ناس کورد-

وەزیری پێشووی کارەبای عێراق ڕەتیکردەوە بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتبێت یاخود دەستگیرکرابێت، دەشڵێت، ئەو لەئێستادا بە ئەوپەڕی هەستی نیشتیمانییەوە لەگەڵ دامەزراوە دادگاییەکانی عێراق هەماهەنگی دەکات لەپێناو ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی ئەو سکاڵانەى لەدژی بەرزکراونەتەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە، 19ی ئەیلولی 2020، لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "ئەو دەنگۆیانەی کە لە ماوەی چەندڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە کە گوایە من ڕامکردووە بۆ دەرەوەی عێراق یاخود دەستگیرکراوم دوورن لە ڕاستییەوە".

 

خەتیب ئاماژەی بەوەشکردووە، "من لە ئێستادا لە وڵاتەکەی خۆم ئاسودەم و ژیانی ئاسایی خۆم بەڕێ دەکەم و لەگەڵ دادگاکان هاوکارم، ئەوەش لە پێناو ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی ئەو سکاڵایەی کە دژم بەرزکراوەتەوە، سوپاس و پێزانینی خۆشم ئاڕاستەی ئەوانە دەکەم کە یارمەتیانداوەم وهەواڵیان پرسیوم".

 

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری کارەبای پێشوو و بەڕێوەبەری گشتیی کارگێری وەزارەتەکە  دەرچووە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە،"وەزیری پێشووی کارەبا و بەڕێوەبەری گشتی کارگێری وەزارەتەکە بە تۆمەتی سەرپێچیکردن لە گرێبەستی کارکردنی زیاتر لە 82 هەزار کەس بەبێ ئەوەی وەزارەتەکە پێویستی پێیان بێت بە کرێی ڕۆژانە کاریان کردووە کە ئەوەش وایکردووە بە بڕی 43 ملیار دینار مانگانە زیان بە بودجەی گشتی عێراق بگەیەنێت."