گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەحمود سەنگاوی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى کتێبەکەى مەلا بەختیار بڵاوکردەوە

2020.09.19 - 14:57
مەحمود سەنگاوی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى کتێبەکەى مەلا بەختیار بڵاوکردەوە

ناس کورد-

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى دواین کتێبی مەلا بەختیار بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هیچ لێدوانێکم لەسەر ئەو کتێبە نەداوە و ئەوەى بڵاوکراوەتەوە بەناوی منەوە دورە لە ڕاستییەوە."

 

مەحمود سەنگاوی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، "وەک ئاشکرایە بڵاوبوونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) هەڤاڵ مەلا بەختیار بووەتە جێی ڕەخنە و تێڕوانینی زۆرێک لە برادەرانی شاخ و تێکۆشەرە دێرینەکان. دیارە هەموو نوسینێک بە کامی دڵی هەموو کەسێک نییە، بەڵکو خەڵکی دابەش دەبنە دوو بەرەی دژ و پشتیوان، هەر کەسێکیش مافی خۆیەتی لەهەر بەرەیەکدابێت و ئازادانە بیروڕای خۆی دەرببڕێت."

 

دەشڵێت، "زۆرێک لە برادەران سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر کتێبەکە نوسیوە و بڵاوکردۆتەوە و لە پەنای ئەمەشدا هەندێک لە میدیا سێبەریەکانی سۆشیاڵ میدیا هەواڵ و لێدوانی بێ بنەما و ناڕاستیان بە ناوی بەندە و زۆرێک لە برادەرانەوە بڵاوکردۆتەوە."

 

"هەر بۆیە بە پێویستم زانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕوون بکەمەوە کە بەندە تاکو ئێستا هیچ جۆرە لێدوان و سەرنجێکم نەداوە لەسەر ئەو کتێبە و هەر کات بە تەواوی کتێبەکەم خوێندەوە ئەوکات لە ڕێگەی دەزگا میدیایە فەرمیەکانەوە بیر و بۆچوونی خۆم دەردەبڕم کە ڕەنگە تێبینی و سەرنجی جیدم لەسەر ناڕاستی و شێوێنراوی هەندێک لە بابەتەکانی ناو کتێبەکە هەبێت وەک لە چاوپێکەوتنەکەی هەڤاڵ مەلا بەختیارەوە گوێبیستی بووم،" مەحمود سەنگاوی وا دەڵێت.

 

بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ کتێبی "لەبری بیرەوەری" مەلا بەختیار بخرێتە بازاڕەوە دوای ئەوەى ناوەڕۆکی کتێبەکە بووە جێگەی باس و مشتومڕی زۆر بە تایبەت کە مەلا بەختیار لە کتێبەکەدا باسی لە چەندین ڕووداو کردووە و ناوی چەند بەرپرسێکی ئەو کاتەى یەکێتی هێناوە بە تایبەت نەوشیروان مستەفا.