گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ’’مانگانە نۆ ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە’’ بۆ خەزێنەی گشتی

2020.09.19 - 12:32
بڕیارێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ’’مانگانە نۆ ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە’’ بۆ خەزێنەی گشتی

ناس كورد-

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بڕیارەکەى وەزارەتی دارایی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا "مانگانە نۆ ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە" بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.

 

ئەمڕۆ شەممە، 19ی ئەیلولی 2020، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا شێوازى گۆڕینى دۆلار بە دینار بگۆڕێت و لەمەودوا ئەو کارە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا بێت.  

  

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتەکە، لەمەدوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەبێت و سەرجەم بانکە ئەهلی، کۆمپانیا و نوسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو دەتوانن بەشدار بن لە پرۆسەکە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستە گروپێکی ئەلیکترۆنی کارا کراوە کە سەرجەم بانکە ئەهلیەکان و کۆمپانیاکان و نوسینگەکان کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ گۆرینەوەی دراو، دەتوانن بەشدار بن لەو پرۆسەی کڕینی ئاشکرایەدا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.  

 

وەزارەتى دارایی جەختیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و هەلی وەک یەک بۆ هەمووان و زیادکردنی داهاتی گشتیدایە.  

 

لەوبارەیەوە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا گۆڕینەوەی پارەی نەوت لە دۆلار بۆ دینار دەدرێت بەیەک بانک،  پێشتر ھەر 100 دۆلار بە 117 ھەزار دینار دەدرا بە بانکی کوردستان، بانکی کوردستان خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت.

 

دەشڵێت، "پاشان دەگوازرایەوە بۆ RT BANK و سەرتا 100 دۆلار دەدرا بە 120 ھەزار دینار و ئەمیش خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت، پێشتر مانگانە حکومەت 300 ملیۆن دۆلاری دەگۆڕییەوە، ھەندێک مانگ قازانجی ئەم بانکانە لە ڕابردودا 27 ملیار دینار بوە (بە 117 وەریاندەگرت و بە 127 دەیانفرۆشت).

 

ئاماژەى بەوەشکردووە کە "لەم دوایەدا قازنجی مانگانە دابەزی بۆ نۆ ملیار دینار کە بە ( 120 ھەزار وەریاندەگرت بە 123 ھەزار دەیانفرۆشت).


عەلی حەمە ساڵح جەختیکردووەتەوە کە "لە کابینەی پێشوو و ئەم کابینەشدا، چەندین جار داوامانکردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەک بانکی ئەھلی وەربگیرێتەوەو حکومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانکەکان بفرۆشێت.. ھەم داھات بە قەبارەی نۆ ملیار دینار زیاددەکات (ئەگەر 300 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت) ھەم جوڵەی دارایی دروست دەبێت."

 

باسی لەوەشکردووە، ئێستا وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا دەبێت، "ئەمە بڕیارێکی باشە و ئێمەش چاودێری دەکەین بۆ جێبەجێبونی و ھیوادارم ئاستەنگ بۆ ئەم بڕیارە دروستنەکرێت."