گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

400 فەرمانبەر لە عێراق چاوەڕوانى دەرچوونى سزاکانیانن لەدادگا 

وردەکاریی هەڵمەتى دەستگیرکردنى بەرپرسانى تێوەگلاو لە گەندەڵى..ناوى دیکە دەردەکەون

2020.09.19 - 09:34
وردەکاریی هەڵمەتى دەستگیرکردنى بەرپرسانى تێوەگلاو لە گەندەڵى..ناوى دیکە دەردەکەون

ناس کورد-



ڕۆژنامەیەکى نزیک لە حکومەتى عێراق بڵاویکردەوە، لەماوەى 72 کاتژمێرى ڕابردوودا هەڵمەتێکى بەرفراوان لەلایەن دەزگاى دژە تیرۆرى عێراقەوە بۆ دەستگیرکردنى ژمارەیەک بەرپرس کە لەگەندەڵی تێوە گلاون دەستیپێکردووە.

 

هەڵمەتەکە کە هەفتەى ڕابردوو دەستیپێکرد، دواى پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵا هات لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە لەمانگى ڕابردوودا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکانى گەندەڵى و تا ئێستا چەند بەرپرسێک دەستگیرکراون.

 

سەعید یاسین موسا ئەندامى پێشووى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى بەڕۆژنامەى سەباحى عێراقى ڕاگەیاندووە، پرۆسەى دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەماى فەرمانى دەستگیرکردن یاخود ئامادەکردنى تۆمەتباران بووە لەبەردەم دادگا و ناتوانرێت تانەیان لێ بدرێت.

 

ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، چەند دۆسییەک لە ئەنجومەنى پێشووى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى هەیە بەپێى قۆناغەکان یەکەمیان هەزار فەرمانبەر دەگرێتەوە لەگەڵ ڕاسپاردە بۆ حکومەت بەمەبەستى دەستلەکارکێشانەوەیان.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، دووەمین قۆناغ نزیکەى 140 فەرمانبەر لەوەزارەتە جیاوازەکان دەگرێتەوە، بۆیە نزیکەى 1200 دۆسییە تەواو بووە و 800 دانەیان لەلایەن داواکارى گشتى و دەستەى دەستپاکییەوە شەنوکە و کراوە.

 

موسا باسى لەوەشکردووە، وا پێویست بوو 400 دۆسیە لەدادگا بەکۆتایهاتنى ساڵى 2019 و سەرەتاى 2020 تەواو ببن بەڵام پەکخراون.

 

بەپێى ڕۆژنامەکە، لایەنى جێبەجێکارى فەرمانەکانى دەستگیرکردن لەلایەن عەبدولوەهاب ساعدى سەرۆکى دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرەوە بەڕێوەدەچێت، سەرۆکوەزیران دەیەوێت دەستگیرکردنەکان بەشێوەیەکى نهێنى چەند بەرپرسێکى گەندەڵیش بگرێتەوە.

 

هەر بەپێى ڕۆژنامەکە، هەڵمەتەکە لەدواى ڕاگەیاندنى پشتیوانەکانى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانەوە بووە کە لەمیانى دیدارێکى لەگەڵ بەرپرسێکى نەتەوە یەکگرتووەکاندا داواى گرتنەبەرى پلانێکى جدى کردووە بۆبەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى.

 

لەناو ئەو کەسانە کە دەستگیرکراون ئەحمەد ساعدى بەڕێوەبەرى سندوقى خانەنشینى عێراقى، شاکر زاملى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى لەبەغدا تێدایە، هەروەها رۆژى پێنج شەممە بەها عەبدولحسێن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى "کی کارد" لەکاتى گەیشتنى بۆ فڕۆکەخانەى بەغدا دەستگیرکرا.

 

بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس، دەستگیرکردنى بەرپرسانى ئێستا و رەوانەکردنیان بۆ دادگا بە کارێکى دەگمەن دادەنرێت لە عێراقدا.

 

بەرپرسێکى عێراقى دەڵێت "لیژنەى لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکانى گەندەڵى لێکۆڵینەوە لە دۆسیە گوماناوییەکان دەکات، پاشان فەرمانى دەستگیرکردنەکان دەردەکات".

 

هەروەها دوو بەرپرسى دیکە جەختیانکردووەتەوە، هەڵمەتەکە بۆ بە ئامانجگرتنى هیچ کەس و حزب و کەرتێکى دیاریکراو نییە، هیچ لیستێکى کەسانى بە ئامانج گیراو نییە، بەڵام دەکرێت ناوى دیکە دەربکەون.