گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق ڤاکسینى چینى هاوردە دەکات

2020.09.19 - 08:59
عێراق ڤاکسینى چینى هاوردە دەکات

ناس کورد-

 

وەزارەتى تەندروستى عێراق سەرقاڵى وەرگرتنى رەزامەندى فەرمییە بۆ دابینکردنى بودجەى پێویست بەئامانجى هاوردەکردنى ڤاکسینى چینى دژە کۆرۆنا کە لەلایەن کۆمپانیاى "سینو فارم" ەوە لە ناوەڕاستى ئابدا ڕاگەیەنرا.

 

 

سەفا موسلیم تەمیمى بڕیاردەرى لیژنەى تەندروستى و ژینگەى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى ڕاگەیاندووە، ئێوارەى دوێنێ میواندارى وەزیرى تەندروستیان کردووە بۆ تاوتوێکردنى پرسی کڕینى ڤاکسینى چینى و جەختیکردووەتەوە لە هەوڵدان بۆ تاوتوێکردنى پرسەکە لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران بەئامانجى دابینکردنى بودجەى پێویست بۆ واژۆکردنى گرێبەست لەو بارەیەوە.

 

رونیشیکردەوە "ڤاکسینى چینى بەپێی تاقیکردنەوە و توێژینەوەى درێژ بەکاردەهێنرێت".

 

بەپێی وتەى خاوەنى کۆمپانیاى نیشتیمانى چین بۆ پیشەسازى دەرمان "سنو فارم" کە ناوەڕاستى ئاب ڕایگەیاندبوو، تیچووى ڤاکسینەکە کەمترە لە 1000 یوان (140 دۆلار)، 28 رۆژ جارێک دوو پێکوتە دەدرێت بەوانەى پێویستیانە.

 

حەسەن خەلاتى ئەندامى لیژنەى تەندروستى و ژینگە دەڵێت، وەزارەتى تەندروستى جەختیکردووەتەوە، لەپەیوەندیدا دەبن لەگەڵ ئەو وڵاتانەى گەشە بە ڤاکسین دەدەن، بۆ ئەوەى عێراق لەو وڵاتانە بێت کە یەکەمجار ڤاکسینیان پێدەگات.

 

باسى لەوەشکردووە، لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنى روسی و شاندێک رەوانەى چین دەکەن بۆ ئەوەى بەشێوەى راستەوخۆ بچنە شوێنى بەرهەمهێنانى ڤاکسین، ئەگەریش لەلایەن تەندروستى جیهانییەوە پەسەندبکرێت عێراق هاوردەى دەکات.