گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەواڵگری عێراق وردەکاریی دۆسیەى هەڕەشەکردنى لە منداڵە ئاوارەکە ئاشکراکرد

2020.09.18 - 21:15
هەواڵگری عێراق وردەکاریی دۆسیەى هەڕەشەکردنى لە منداڵە ئاوارەکە ئاشکراکرد

ناس کورد-

 

ئاژانسى هەواڵگری و لێکۆڵینەوەى فیدراڵى وردەکاریی دۆسیەى ئەو منداڵەى ئاشکراکرد کە داواى دەستوەردانى مستەفا کازمى کرد، بۆ رزگارکردنى خۆى و خانەوادەکەى لە هەڕەشەى "کوشتن و دەستدرێژیی".

 

ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیى منداڵێکى دانیشتوى کەمپى یەحیاوەى باشورى کەرکوک کە تایبەتە بە ئاوارە تورکمانەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا داوا لە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران دەکات دەستوەردان بکات بۆ رزگارکردنیان لەدەست کەسێک کە هەڕەشەی کوشتن و رفاندن و دەسترێژیکردنە سەریان لێدەکات.  

 

ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەى فیدراڵى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەفەرمانى سەرۆکوەزیران و سەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ، ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەى فیدراڵى لە وەزارەتى ناوخۆ بەدەم هاوارى منداڵێکى ئاوارەوە چوون لە کەمپى یەحیاواى کەرکوک.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەوەى منداڵەکە باسیدەکات لەبارەى دیارنەمانى براکەیەوە بۆ ماوەى نزیکەى مانگێک راستییەکەى بەو جۆرەیە کە براکەى دەستبەسەرکراوە بەپێی ماددەى چوارى تیرۆر لەلایەن یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

 

ئاژانسەکە باسى لەوەشکردووە، ئەوەى منداڵەکە باسیدەکات لەبارەى هەڕەشە و دەستدرێژییەوە، "لەرێگەى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکەوە بووە و هیچ هەڕەشەیەکى راستەوخۆ نییە و سکاڵاى یاسایی لەیەکێک لە بنکەکانى پۆلیس تۆمارکراوە".

 

بڵاوبوونەوەى گرتەى ڤیدیۆیی ئەو منداڵە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رەوانەکردنى لیژنەیەکى وەزارى ڕاگەیاند بۆ کەمپەکە تا لێکۆڵینەوە بکات لەو بارەیەوە.

 

کەریم نورى کەریم نورى بریکارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو "دواى بینینى ڤیدیۆکە، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران فەرمانیکردووە بەدواداچوون بکرێت بۆ ئەو پرسە و منداڵەکە و خێزانەکەى بانگهێشتبکرێن بۆ تۆمارکردنى سکاڵا دژى ئەو کەسە بۆ بەدادگایی گەیاندنى".  

  

باسى لەوەشکردبوو "لەئێستادا فەرمانمانکردووە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى تایبەتمەند لە وەزارەت بۆ بەدواداچوونى دۆسیەکە".