گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرزترین ئاستى هۆشداریى لەئێران بەهۆى کۆرۆناوە ’’هەموو وڵات لەپلەى سوردایە’’

2020.09.18 - 18:07
بەرزترین ئاستى هۆشداریى لەئێران بەهۆى کۆرۆناوە ’’هەموو وڵات لەپلەى سوردایە’’

ناس کورد-

 

تەلەفزیۆنى ئێرانى ڕاگەیاند، بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتى تەندروستى ئەو وڵاتە بەرزترین ئاستى هۆشداریی ڕاگەیاندووە لەسەرتاسەرى ئەو وڵاتەدا، بەهۆى بەرزبوونەوەى ئامارى رۆژانەى مردن و توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، بۆ ئاستێکى مەترسیدار.

 

ئێران یەکێکە لە دیارترین وڵاتانى زیانمەند لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆى کۆرۆناوە، کە پێشتر ناوچەکانى بەسەر سپى و زەرد و پرتەقاڵى و سوردا دابەشدەکران، بەپێی ژمارەى مردن و توشبووان لەهەر ناوچەیەک.

 

سیما سادات وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینى 144 توشبوو گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ئامارى مردن بۆ 23952 حاڵەت بەرزبووەوە، هەروەها 3049 حاڵەتى دیکەى توشبوون تۆمارکراون و ئامارەکە گەیشتووەتە 416198 حاڵەت.

 

ئیراج حريرجى جێگرى وەزیرى تەندروستى ئێران بە تەلەفزیۆنى وڵاتەکەى ڕاگەیاندووە، لەئێستادا کارێکى گونجاو نییە بەپێی رەنگەکان ئاستى ناوچەکان دیاریبکرێن، چونکە هەموو وڵات لە ئێستادا لەپلەى سوردایە، کە بەرزترین ئاستى هۆشدارییە.

 

وتیشى "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئامارى مردن دەگاتە 45 هەزار"، بەبێ ئەوەى هیچ وادەیەک دیاریبکات.

 

ئیراج حريرجى ئاماژەى بەوەشکردووە، بەکارهێنانى دەمامک و کەمکردنەوەى قەرەباڵغى تاکە رێگەیە بۆ کەمکردنەوەى ئامارى مردن.