گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەمکردنەوەى ژمارەى پەرلەمانتاران بۆ نزیکەى نیوە

سەرۆکایەتى کۆمار ناوەڕۆکى پێشنیازەکانى بۆ گۆڕانکاریی دەستوریى ئاشکراکرد

2020.09.18 - 17:28
سەرۆکایەتى کۆمار ناوەڕۆکى پێشنیازەکانى بۆ گۆڕانکاریی دەستوریى ئاشکراکرد

ناس کورد-

 

سەرۆکى دەستەى راوێژکاران لەسەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، بەشێک لەپێشنیازەکانى بۆ گۆڕانکاری دەستوریی ئاشکراکرد، کە لەلایەن لیژنەیەکەوە کارى لەسەر دەکرێت.

 

عەلى شوکرى سەرۆکى دەستەى راوێژکاران لەسەرۆکایەتى کۆمار بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، لیژنەکە لە (23) ئەکادیمى و مامۆستاى زانکۆ، سێ نوێنەرى خۆپیشاندەران، نوێنەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتى ئەوروپا بەهاوکارى پەیمانگاى حکومەتى کەنەدا پێکهاتووە و هیچ سیاسییەکى تێدا نییە و کار لەسەر گۆڕانکارییە دەستورییەکان دەکەن.

 

وتیشى "بەپێی دەستور گۆڕانکارى دەستورى پێویستە لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمار و ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەش بکرێت، پێشتر لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێکهێنرا و سێ کۆبوونەوەیان لەگەڵدا کرا، دواتر کارەکان وەستان دواى ئەوەى حکومەتى پێشوو دەستى لەکارکێشایەوە".

 

عەلى شوکرى باسى لەوەشکردووە، لیژنەى گۆڕانکاریی دەستوریى بەپێى رێنماییەکانى سەرۆککۆمار کارەکانى تەواوکردووە و پێشنیازەکان دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران.

 

دەشڵێت، سەرۆککۆمار بڕیاریداوە بە پەیوەندى بەردەوام لەگەڵ نوسینگەى سەرۆکوەزیران بۆ مەبەستنى خستنەڕووى گۆڕانکارییەکان و ئامادەکردنى یەک وەرەقەى هاوبەش و رەوانەکردنى بۆ پەرلەمان و بۆ ئەوەى بخرێتە راپرسییەوە، تا خەڵک قسەى کۆتایی لەسەر بکات.

 

کەمکردنەوەى ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان

بەوتەى عەلى شوکرى، گۆڕانکارییەکان لەدیباجەى دەستورەوە دەستیپێکردووە و کەموکورتیانە پڕکراونەتەوە کە لە دەستوردا هەن، لەناویاندا پێکهێنانى ئەنجومەنى ئیتیحاد، دیاریکردنى دەسەڵاتەکانى، گۆڕانکارییەکردن لە دەسەڵاتەکانى سەرۆککۆمار.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، لیژنەکە دوو پێشنیازى کردووە بۆ کەمکردنەوەى ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان، یەکەمیان ئەوەیە هەر پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتى 100 هەزار دەنگدەر بکات، نەک 100 هەزار کەس، ئەوەش وادەکات ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان ببێتە نزیکەى 175 پەرلەمانتار لەجیهاتى 329 پەرلەمانتار.

 

رونیشیکردووەتەوە، پێشنیازى دووەم ئەوەیە هەر پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتى 250 هەزار کەس بکات، لەبەرئەوەى ژمارەى پەرلەمانتاران زۆر زیادکردووە.

 

لەبارەى تەمەنى خۆکاندیدکردنەوە، عەلى شوکرى دەڵێت مەرجى 25 ساڵ تەمەن، بڕوانامەى دواناوەندى کراوەتە مەرجى خۆکاندیدکردن، سەربارى گۆڕانکاریکردن لە پێکهێنانى دادگاى فیدراڵى.

 

 پێکهێنانى حکومەت

هەروەها لەبارەى پێکهێنانى حکومەتەوە باس لەوەدەکات، لە گۆڕانکارییەکاندا پێشنیازى ئەوەکراوە کە حکومەت لەرێگەى حزب یان کوتلەى براوەى هەڵبژاردنەوە پێکبهێنرێت، نەک ئەو هاوپەیمانێتییەى دواى هەڵبژاردن پێکدەهێنرێت.

 

 رونیشیکردووەتەوە، ئەو لیستەى زۆرترین ژمارەى کورسی هەیە سەرۆکوەزیران دیاریدەکات، بەڵام کوتلەى براوە ناتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت تەنها لەرێگەى حکومەتى ئیئتیلافییەوە نەبێت.

 

پەیوەندى بەغدا و هەرێم

بەوتەى عەلى شوکرى، لیژنەکە بەهیچ شێوەیەک باسى لە پرسی پەیوەندى ناوەند بە هەرێمەوە نەکردووە، چونکە ئەوە ساڵى 2005 بەپێی دەستور رێکخراوە لەلایەن دامەزرێنەرى پڕۆسەى سیاسی دواى ساڵى 2003 ەوە، پەیوەندییەکەش لەسەر بنەماى تەوافوقیە.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەو پرسە ناکرێت لەلایەن لیژنەیەکى ئەکادیمییەوە تاوتوێ بکرێت، بەڵکو پێویستە لیژنەیەکى سیاسی ئەوە تاوتوێبکات.

 

هەنگاوەکانى سەرۆکوەزیران

عەلى شوکرى جەختیکردوەتەوە، هەنگاوەکانى سەرۆکوەزیران مافى پشتگیرکردنى هەیە، سەرۆککۆمار پشتیوانیکەرى یەکەمى سەرۆکوەزیرانە، بەتایبەتى کە سەرۆککۆمار یەکەم کەس بوو پشتگیریی بیرۆکەى هەڵبژاردنى پێشوەختەى کرد.

 

وتیشى "هەر هەنگاوێک کە دەنرێت بەهەماهەنگییە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، لەهەموو هەنگاوەکاندا سەرۆککۆمار لەتەنیشت سەرۆکوەزیرانەوە دەوەستێت بۆ چاکسازى".