کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگرتنی كارەكانیان بەهۆی تەقەکردنەوە لێیان، جارێكی دیکە تیمە هاوبەشەکەى عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان بە هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى گوندی كۆچۆ کرد، ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگای نەینەواش دەڵێت، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ئێستادا ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
.
بەرەكات شەمۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "تیمە هاوبەشەكەی حكومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووكان کە کارى هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكانی ناوچەی شەنگال دەکەن، دوای كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبیەوە دوێنی هەینی جارێكی دیکە دەستبەكاربوونەوە، تیمەكە تەنها بۆ ماوەی 48 كاتژمێر كارەكانیان ڕاگرت".
.
بە وتەى ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پارێزگاى نەینەوا، ئەو تیمە لە گوندی كۆچۆ تا ئێستا پێنج گۆڕیان هەڵداوەتەوە، ئەمڕۆش لە هەوڵى هەڵدانەوەى گۆڕى شەشەمدان.
.
"ژمارەی گۆرە بەكۆمەڵەكانى سنوری پارێزگای نەینەوا زۆرن، بەڵام ژمارەی ئەو گۆرانەى لە سنوری قەزای شەنگالدان 71 گۆڕن، هەموویان ڕوفاتی قوربانیانی ئێزدی تێدایە"، بەرەکات شەمۆ واى وت.
.
وتیشى، تا ئێستا نمونەی خوێن لە 3 هەزار خانەوادەی قوربانییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە وەرگیراوە، بۆ بەراوردكردنی لەگەڵ دی ئێن ئەى قوربانییەکان.
.
ڕۆژى دووشممە 22ى نیسان، لەكاتی سەرقاڵبوونی تیمێكی تایبەت بە پشكنین و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی گوندی كۆچۆى شەنگال، لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە تەقە لە تیمەکە کرا، بەوهۆیەوە کارەکانیان ڕاگرت..
.
.