گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بودجەی 2021ی عێراق هاوشێوەی 2019 لەبەرژەوەندی کورد نابێت

2020.09.17 - 19:27
ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بودجەی 2021ی عێراق هاوشێوەی 2019 لەبەرژەوەندی کورد نابێت

ناس کورد-

ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕەخنە لەحکومەتی هەرێم دەگرێت کە ئاگاداری نەکردوونەتەوە لەناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و دەشڵێت، ئەوە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێم دروستدەکات و پێناچێت ئەوەی لە 2019 کرا بۆ 2021 دووبارە بکرێتەوە.

 

لەئیستادا هەرێم و بەغدا گفتوگۆکانیان دەربارەی کێشە داراییەکانی نێوانیان و پشکی هەرێم لە بودجەی 2021 دەستپێکردووە و لەدوای ڕێککەوتنی نێوانیشیان پێویستە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیربکرێت.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "وەک ئەندامانی لیژنەی دارایی و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ئاگامان لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، ئاگامان لێنییە کە هەرێم داوای چی دەکات، چی دەوێت و تائێستا لەسەرچی ڕێککەوتوون."

 

وتیشی: "پێویست بوو حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئێمەی بکردایەتەوە و پرس  و ڕاوێژی پێکردینایە، بۆ ئەوەی کاتێک بودجە هاتە پەرلەمان ئێمەش بزانین حکومەتی هەرێم چی دەوێت و لەوچوارچێوەیەدا هەوڵمان بدایە کە بودجە تێپەڕێندرێت."

 

ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە: "ئەوەتا بریارە هەفتەی داهاتوو بودجەی ساڵی 2020 بێتە پەرلەمان، تائێستا حکومەتی هەرێم هیچ شتێکی لەوبارەیەوە بەئێمە نەوتووە، لەکاتێکدا بودجەی 2020 دەبێتە بنەمایەک بۆ بودجەی 2021 و ئەگەر هەرشتێک لەدژی بەرژەوەندیی کورد تێپەڕێت بەئەگەرێکی زۆر ساڵی داهاتووش بەهەمانشێوە دەبێت، ئەوەش مەترسیدارە."

 

لەبودجەی ساڵی 2019 کە پشکی هەرێم بە %12.6 دیاریکرا و بەمەرجی ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام ئەندامانی کورد لە بەغدا توانیان بڕگەیەک جێگیربکەن و لەئەگەری ڕادەستنەکردنی نەوتدا، ئەوا بەغدا نەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگرێت و تەنها بڕەپارەی نەوتەکە لەپشکی هەرێم ببڕێت.

 

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕاستە ئەوکات توانیمان ئەوە بکەین و لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێم بوو، بەڵام قورسە بۆ ئەمجارە ئەوە بکرێت، چونکە هەرێم پابەند نەبوو بە ڕێککەوتنەکە و لەئێستادا بەرەی دژەحکومەتی هەرێم زۆر بوون."

 

وتیشی، لایەنێکی دیکەی باشی ئەوکات ئەوەبوو، باری دارایی عێراق باشتر بوو، نەوت نرخی بەمشێوەیە دانەبەزیبوو، هەروەها حکومەتێکی تەوافوقی هەبوو، شتەکان بەڕێککەوتن دەکران و عادل عەبدولمەهدیش زیاتر دۆستی کورد بوو، بەڵام ئێستا ئەو لایەنانە لە بەرژەوەندی کورد نەماون.

 

لەبودجەی ساڵی 2019، ئەگەر هەرێم نەوتی ڕادەست بکردایە، ئەوا مانگانە نزیکەی ترلیۆنێک دیناری لە بەغداوە پێدەگەیشت کە کۆی موچەی فەرمانبەرانی پڕدەکردەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان هەرێم دەیەوێت لەڕێککەوتن بۆ ساڵی 2021یشدا، داوای بڕی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات، واتە هەمان بەشە بودجەی ساڵی 2019.

 

ئەندامە کوردەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: "هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەوە قورسە، بەڵام ئەوەش هێشتا بەراوردناکرێت بە ڕێککەوتنەکەی 2019، چونکە ئەوکات لەبەرامبەر 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەغدا ئامادەبوو ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، بەڵام ئێستا نیوەی داهاتی ناوخۆ و هاوتاکردنی تەعریفەی گومرگەکانیشی چووەتەسەر و ئەوەش داهاتی ناوخۆی هەرێم کەمدەکاتەوە."

 

لەئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2021ن و تاوەکو 15ی مانگی داهاتووی لەبەردەستە کە پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات.